ZNA – هەولێر
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا داوا لە تورکیا دەکات لە چوارچێوەی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، سەلاحەددین دەمیرتاش، ئازاد بکات کە لەساڵی 2016 وە دەستگیركراوە.
نوێنەرایەتی باڵای پەیوەندییەکانی دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە نووسراوێکدا کە لەژێر ناونیشانی "دۆخی مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا لە تورکیا" بڵاویکردووەتەوە، ئەو نیگەرانییانەی وەبیرهێناوەتەوە کە لە راپۆرتی ساڵانەیدا لەبارەی مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و دادپەروەری لە تورکیا ئاماژەی پێداون.
نابیلا ماسسرئالی، گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، بەهۆی ئازادیی رادەربڕینەوە سزادانی رۆژنامەوان جان دوندار کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، هەروەها درێژکردنەوەی وادەی هێشتنەوەی عوسمان کاڤاڵا لە زیندان بە تەواوەتی پێچەوانەی ئەو پێشنیازانەن کە پێشکەش بە تورکیا کراون، هەر لەو چوارچێوەیەدا دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی کردووە و رایگەیاندووە کە "بێتاوانە".
گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشداوە، تورکیا وەک وڵاتێكی بەربژێر بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و وەک ئەندامێكی پێشووی کۆنسەی ئەوروپا پێویستە دەستبەجێ لە چوارچێوەی رێزگرتن لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ کە بەردی بناغەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا - تورکیا پێکدەهێنی، هەنگاوی بەرجەستە بنێ.
ئەم هەواڵە 175جار خوێندراوەتەوە |