ZNA-هەولێر راوێژکارێکی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک حکومەتی عێراق جارێکی دیکە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دانابەزێنێت.
مزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن، گوایە جارێکی دیکە نرخی فرۆشتنی دۆلار بە دیناری عێراقی زیاتر دەکرێت، راست نین، نرخەکەش ئێستا جێگیرە و ناکرێ بگۆڕدرێت".
سەبارەت بە رۆڵی سندووقی نەختی نێودەوڵەتی و داواکارییە ئابوورییەکانی لە عێراق، مزهر محەممەد ساڵح دەڵێت: "عێراق ئەندامی دامەزرێنەری سندووقەکەیە لە ساڵی 1945، هەر وڵاتێکیش دووچاری قەیرانی دارایی ببێتەوە، سندووقەکە بە راوێژ لەگەڵی هاوکاری دەکات، بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری دارایی لەو وڵاتە، بەڵام عێراق ناچار نییە داواکاری و رێنماییەکانی سندووقی نەختی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات، چونکە عێراق بەشدار نییە لە پرۆگرامی سندووقەکە بۆ پێدانی قەرز".
لەوەتەی حکومەتی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی 2020ـەوە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر هەر دۆلارێک لە 1184 دینارەوە بۆ 1445 دینار زیادکرد، دەنگۆی ئەوە هەیە، کە گوایە حکومەتی عێراق بەنیازە جارێکی دیکە بەهای دینار دابەزێنێت، ئەوەش شڵەژانی لە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دروستکردووە.
ئەم هەواڵە 1672جار خوێندراوەتەوە |