ZNA - ههولێر
ئەمڕۆ دووشەممە، شاندی دانوستانکاری ھەرێم بۆ بەغدا بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فڕاکسیۆنەکان دەستیان بە کۆبوونەوە کرد و ھەریەک لە فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ھێمن ھەورامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەکرد کە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات و وردەکاریی رێککەوتنەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەخاتەڕوو.
ھێمن ھەورامی راشیگەیاند کە ئەوان چاوەڕێن لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکوومەت، وردەکاریی تەواویان لەبارەی رێککەوتنەکانی ئەم دواییەی ھەولێر و بەغدا لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ی عێراق پێبدرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ھێمن ھەورامی باسی لەوەشکرد کە دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان و شاندی دانوستانکار، شاندەکە سەردانی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات و وردەکاریی رێککەوتنەکانی دەخاتە بەردەم ئەو لایەنانە.
ئەم هەواڵە 373جار خوێندراوەتەوە |