ZNA- هەولێر
بەڕێوەبەرى چاودێریى بازرگانى هەولێر رایگەیاند چەند چێشتخانە و رێستۆرانتێک داوایان کردووە نرخى خواردن و خزمەتگوزارییەکان لە دینارەوە بکرێتە دۆلار، بەڵام ئێمە داواکەمان رەتکردووەتەوە و بەهیچ شێوەیەک رێگە بە بەرزکردنەوەى نرخى خواردن نادەین.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەرى چاودێرى بازرگانى هەولێر بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: دواى ئەو گۆڕانکارییانەى بەسەر نرخى دینارى عێراقدا هات بەرامبەر بە دۆلار، ژمارەیەک بازرگان و خاوەنکار ویستیان دۆخەکە بقۆزنەوە و نرخى شتومەک و کاڵا بەرزبکەنەوە، بەڵام لێژنەکانى چاودێرى بازرگانى و قایمقامیەت بەردەوام چاودێرى دۆخى بازاڕ دەکەن و بەهیچ شێوەیەک رێگە بە بەرزکردنەوەى نرخى هیچ جۆرە خواردن و کاڵایەک نادەین.
هێمن سەید موراد گووتی: بە ئامانجى دەستکەوتنى قازانجى زۆر ژمارەیەک رێستۆرانت و چێشتخانە و هوتێل، داوایان کردبوو نرخى خواردن و خزمەتگوزارییەکان بکەن بەدۆلار بە هۆى دابەزینى نرخى دینارى عێراقى، بەڵام ئێمە رێگەمان پێنەدان بە زیادکرنى نرخ بە پێچەوانەوە ئێمە دەمانەوێ نرخ دابەزێنین.
هەروەها هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەرى چاودێرى بازرگانى هەولێر ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی خستەروو گووتی: ئەو رێستۆرانت و چێشتخانانەى کە گەشتیارین و مۆڵەتى گەشتیارییان پێدراوە، خزمەتگوزارى و خەرجییەکانیان زیاترە لە چێشتخانە میللییەکان، ئەمەش بەپێى پلەبەندییە، بەڵام ئەوە ماناى ئەوە نییە ئەو شوێنانەى گەشتیارین نرخ گران بکەن و سوود لەو دۆخە وەربگرن کە بەهۆى گۆڕانکارى لە نرخى دینار هاتووەتە ئاراوە.
دڵشاد یونس هەرکی
ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە |