ZNA - هه‌ولێر
سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێ رایگه‌یاند "داواكارم هه‌ر تاكێكی گه‌له‌كه‌مان له رێگای پابه‌ندبوون به‌ته‌واوی رێنمایییه‌كان له ژیانی خۆیاندا و به تایبه‌ت له شه‌وی سه‌ری ساڵدا رۆڵ بگێڕێت له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵایه (ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ)".
فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەکان لە سه‌رۆكایه‌تی كۆماری تورکیا په‌یامی رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان-ی به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێ زایینی بڵاوكرده‌وه.
رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان له په‌یامه‌كه‌یدا هیوای خواستووه ساڵی ٢٠٢١ ببێته مایەی خێروخۆشی بۆ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی و به ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه ٢٠٢٠ ساڵێكی سه‌خت بوو له زۆر رووه‌وه به تایبه‌ت ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، ده‌ڵێت "داواكارم هه‌ر تاكێكی گه‌له‌كه‌مان له رێگای پابه‌ندبوون به‌ته‌واوی رێنمایییه‌كان له ژیانی خۆیاندا و به تایبه‌ت له شه‌وی سه‌ری ساڵدا رۆڵ بگێڕێت له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵایه (ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ). پێموایە ئەگەر هەر ٨٣ ملیۆن هاووڵاتی وڵاتەکەمان پێکەوە پابەندبین بە رێوشوێنەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەتوانین بەسەر ئەم موسیبەتەدا سەربکەوین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان به تیشك خستنه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه وا پێدەچێت بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە ماوەیەکی دیکەش درێژە بکێشێت، نووسیوویه‌تی "لەڕێی گرنگیدان بە کارەکانی دابینکردنی ڤاکسینەوە وڵاتەکەمان بۆ ئەم ئایندە نادیارە ئامادە دەکەین".
سه‌ركۆماری توركیا سه‌رنجی خستووەته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پاکێجی هاوکارییەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا خستبوویانەڕوو تێکڕا لەسەدا ١٠ی داهاتی وڵاتەكهیهتی.
ئه‌مه له كاتێكدایه له توركیا كۆی ئه‌وانه‌ی تووشی كورۆنا بوون دوو ملیۆن و 190 هه‌زار كه‌سی تیپهراندوه، 20 هه‌زار و 642 كه‌سیش به‌هۆیه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
aa
ئەم هەواڵە 145جار خوێندراوەتەوە |