ZNA-هەولێر
گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رێژەى بەرهەمهێنانى بەروبوومى ناوخۆیی لە سەوزە و میوە، ساڵ بەساڵ لە زیادبووندایە، ئەمساڵ رێژەى بەرهەمهێنانى میوە بۆ ۲۹% بەرزبووهتهوه.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسى راگەیاند: "کەرتى کشتوکاڵ یەکێکە لەو کەرتانەى کە لە کابینەى نۆیەمدا گرنگییەکى تایبەتى پێدراوە، بۆ ئەوەى بتوانرێ بەرهەمى ناوخۆیی زیاد بکەین و کەمتر پێداویستى رۆژانە لە دەرەوە هاوردە بکەین، میوە یە کێکە لە پێداویستییەکانى رۆژانەى هاووڵاتیان و ساڵانە هەرێمى کوردستان پێویستى بە ۳۰۰ بۆ ۳۱۰ هەزار تۆن میوە هەیە".
حوسێن حەمەکەریم گووتی: بۆ ئەم مەبەستە بەهاوکارى دەستەى وەبەرهێنانى هەرێم هەوڵ دراوە زیاتر گرنگى بە وەبەرهێنان لە بوارى کشتوکاڵدا بدرێت، چەندان پڕۆژەى گرنگیش لە بوارى کشتوکاڵ لە تەواوى هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون، بەم هۆیەشەوە رێژەى بەرهەمى ناوخۆیی بە بەراوردى ساڵانى رابردوو زیادى کردووە".
هەروەها حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسى خستەروو گووتی: ساڵانە رێژەیەکى زۆر میوە هاوردەى هەرێمی كوردستان دەکرێ، بەڵام هەمووى لە ناوخۆى کوردستان ساغ ناكرێتهوه، بەڵکوو بەشێکى زۆرى ئەو میوەیە بۆ پارێزگاکانى عێراق دەچێت، بۆنموونە تەواوى ئەو سێوەى لە شارەکانى عێراقدا هەیە تەنیا لە رێگەى هەرێمی كوردستانەوە بۆیان دەچێت، رێژەى بەرهەمى ناوخۆیی هەرێمی كوردستانیش بۆ ئەمساڵ ۲۹%ى پێداویستى ناوخۆیی بووە، ئەمە جگە لەوەى ئەو جووتیارانەى کاڵاکانیان رەوانەى گومركى سەوزە و میوە ناکەن و راستەوخۆ لە باخەکان دەیفرۆشن یان رەوانەى بازاڕ و کۆڵانەکانى دەکەن.
دڵشاد یونس هەرکی
ئەم هەواڵە 349جار خوێندراوەتەوە |