ZNA-هەولێر بەھۆی گۆڕانکاریی نرخی دراوی عێراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، گۆڕانکاری بەسەر نرخی کەلوپەلدا ھاتووە و گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانییش ڕایدهگهێنێت ، لیژنەکانی بازرگانی و وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن و ھەر هاووڵاتییەکیش بەرزیی نرخی بینێ با پەیوەندییان پێوە بکات.
فەتحی محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی، ڕاگەیاند: ماوەی دوو حەفتەیە بەھۆی دابەزینی دیناری عێراقییەوە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ناسەقامیگرییان بەخۆوە بینیوە و نرخی کەلوپەل و کالاکان گۆڕانکارییان بەسەردا ھاتووە، لەبەر ئەوەش وەزارەتی بازرگانی لە ڕێگەی لیژنەکانییەوە بەردەوام بەدواداچوون بۆ نرخی بازاڕ دەکات".
ئاماژەی بەوەش کردووە: لە ھەموو شار و شارۆچکەکان لیژنەکانی چاودێری بە ھەماھەنگیی وەزارەتی ناوخۆ لە بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان بەدواداچوون بۆ نرخ دەکەن و تا ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوو چەندین شوێن سزادراون، سەرەڕای ئەوەی حەفتەیەک پشوو بوو، لیژنەکانمان بەردەوام بوونە لە چاودێری و سزادانی سەرپێچیکاران.
فەتحی محەمەد گوتهبێژی وهزارهتى بازرگانی گوتیشی،ھەر هاووڵاتییەک لە ھەر شوێنێک بینی نرخ زیاد کراوە و ناگونجێ لەگەڵ بازاڕی ئەمڕۆ دەتوانێت پەیوەندی بە لیژنەکانی چاودێریی بازرگانییەوە بکات، یان سکاڵای خۆی بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار و ناوی شوێن و نرخی کەلوپەلەک بە لیژنەکان بگەیەنێت، سزای یاسایی دەدرێت.
ئەم هەواڵە 508جار خوێندراوەتەوە |