ZNA- هەولێر
بەرپرسێكی عێراقی ئاشكرای دەكات، واشنتن مۆڵەتی کڕینی غازی ئێرانی بۆ عێراق بۆ سێ مانگی دیکە درێژکردووەتەوە.
بەرپرسە عێراقی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: مۆڵەتە نوێیەکەی ئەمەریكا دوای گفتوگۆیەکی درێژ بە عێراق دراوە، کە لە مۆڵەتی پێش خۆی زیاترە کە ٤٥ رۆژ بوو.
عێراق غازی سروشتی لە ئێران دەکڕێت بۆ پڕکردنەوەی یەک لەسەر سێی کارەبا و بەپێی مۆڵەتە نوێیەکە تا ٥ی نیسانی ساڵی ٢٠٢١ دەتوانێت غازی ئێران هاوردە بکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێران لە هەفتەی رابردوودا، بەشێوەیەکی بەرچاو هەناردەی غازی بۆ عێراق کەمکردەوە لەبەر وەرنەگرتنی شەش ملیار دۆلار لەبەرامبەر ناردنی غاز بۆ وڵاتەکە.
لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ئەمریکا سزای خستووەتە سەر کەرتی وزەی ئێران و هەر وڵاتێکیش سزا دەدات کە هاوردەی وزەی ئێران بکات، بەڵام چەندین جار مۆڵەتی بەخشیووە بە عێراق تا غاز لە ئێران بکڕێت.
ئەم هەواڵە 364جار خوێندراوەتەوە |