ZNA – هەولێر
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەهدی حەمدانی و باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتح یڵدز تاوتوێی قۆناغەکانی دروستکردنی ناوەندی توێژینەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو کرد.
بە گوێرەی راگەیاندراوی كۆبونەوەكە ، تاوتوێی پرۆتۆکۆڵی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد کە بڕیارەلە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا واژوو بکرێت.
واژووکردنی ئەم پرۆتۆکۆڵە، دەرەنجامی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمییە بۆ تورکیا کە رۆژی ١٧ کانوونی یەکەمی رابردوو بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی سەردانی تورکیا کرد و لە میانیدا لەگەڵ سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.
بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی قۆناغەکانی دروستکردنی ناوەندی توێژینەوەی هاوبەش کە بڕیارە لە عێراق دروست بکرێت بە ئامانجی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لەنێوان وڵاتدا، سەردانی عێراق بکەن.
ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات لە رۆژهەڵاتی تورکیاوە هەڵدەقوڵێت و بە خاکی سووریادا تێپەڕدەبێت تاوەکو دەگاتە عێراق و لە ناوچەی قوڕنەی باشووری ئەو وڵاتە پێکدەگەن و دەڕژێنە کەنداوی عەرەب.
ئەم هەواڵە 322جار خوێندراوەتەوە |