ZNA - ههولێر
رۆحانی دوابەدوای بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیاییدا باسی لەو فڕۆکە ئۆکراینییە کرد کە لە هەشتی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا لە نزیکی تاران بەهەڵە خرایەخوارەوە و تیایدا سەرجەم سەرنشینەکان کە ژمارەیان ١٧٦ کەس بوو، گیانیان لەدەستدا.
رۆحانی جەختی لەوە کردەوە کە رووداوەکە بەهۆی هەڵەیەکەوە روویداوە و رایگەیاند: "پێویستە ئەو کەسانەی لەپشت رووداوەکەوە بوون لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دادگایی بکرێن. لە ئێستادا پێداگری دەکەین بۆ دامەزراندنی دادگایەکی لەو شێوەیە. بەدڵنیاییەوە ئێران بەرپرسانی رووداوەکە دادگایی دەکات و ماوەی دادگاییەکەش بۆ ئێمە گرنگە."
سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە هەموو رەهەندەکانی رووداوەکە بۆ رای گشتی روون بکرێنەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران- واشنتۆن کرد و ئاماژەی بەوەدا کە، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە هەر هەنگاوێکی ئەرێنی کابینەکەی بایدن دەکەن کە گوتبووی "قەرەبووی هەڵەکانی رابردووی دەکەینەوە".
رۆحانی ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر کابینەکەی بایدن بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەوا تاران ئامادەیە هەموو ئەو بەرپرسیاریەتیانە بەجێبهێنێت کە لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکەدا لە ئەستۆی گرتبوو.
aa
ئەم هەواڵە 160جار خوێندراوەتەوە |