ZNA - ههولێر
بە تۆمەتی کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس، ئەمڕۆ پێنجشهممه دادگایەکی عێراقی فەرمانی بە دەستگیرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراق دهركرد.
ئەنجوومەنی باڵای داد لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 7-1-2021) رایگەیاند "دوای ئەوەی دادوەری تایبەت لە دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە لەسەر تاوانی تیرۆرکردنی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و هاوڕێکانی گوتەی لە ئەندامانی خێزانەکەی وەرگرت، لە 7ـی کانوونی یەکەم و بە تەواوبوونی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان. فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد بۆ سەرۆکی ماوەبەسەرچووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ، به ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی".
بەپێی بەیاننامەکە، "لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبێت بۆ زانینی هاوبەشەکانی دیکەیان لە جێبەجێکردنی ئەو تاوانە، جا عێراقی بن یان بیانی".
ئەبو مەهدی موهەندیس، لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە 3-1-2020 کرانە ئامانجی ئەمەریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا.
جگە لەو دادگایەی عێراق، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران تائێستا دووجار داوای دەستگیرکردنی ترەمپ و 47 بەرپرسی دیکەی ئەمەریکی لە ئینتەرپوڵ کردووە، بەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانییەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا سەرکەوتنی جۆو بایدنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا پەسەند کرد، دۆناڵد ترەمپیش هەرچەندە ناڕازییە لە ئەنجامەکە، بەڵام رایگەیاند دەسەڵات بە ئاسایی رادەست دەکات.
ئەم هەواڵە 514جار خوێندراوەتەوە |