ZNA - ههولێر
کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2020 ی پەسەندکرد و بەمەش دوا قۆناغی پـرۆسەی پـشتڕاستکردنەوەی سەرکەوتنی جۆو بایدن و کامڵا هێرس بە کۆتایی هات، بڕیارە لە 20 ی ئەم مانگە مەراسیمی ڕادستکردنی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن بەڕێوەبچێت.
درەنگانێکی شەوی چوارشەممە و پاش ئاساییبوونەوەی دۆخەکە لە کۆنگرێس و دەرکردنی لایەنگرانی سەرۆک ترامپ لە بینای کۆنگرێس، هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات لە دانیشتنێکی هاوبەشدا دەستیانکردەوە بە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتەکانیان و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـرۆسەکە تەواوبوو.
پاش پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن کۆنگرێسەوە، سەرۆک ترامپ لە بەیاننامەیەکدا گوتویەتی"هەرچەندە من بە تەواوی ناڕازیم لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، وە ڕاستیـیەکان قسەکەم پشتڕاستدەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە 20 مانگی یەک گواستنەوەیەکی ڕێکوپێک دەبێت"
بڕیارە لە 20 ی ئەم مانگە مەراسیمی ڕادستکردنی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن بەڕێوەبچێت و لە کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە تەواوی دەسەڵاتەکانی سەرۆک ترامپی کۆماری دەدرێت بە جۆو بایدنی دیموکرات و وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستبەکاردەبێت.
voa
ئەم هەواڵە 121جار خوێندراوەتەوە |