ZNA- هەولێر
دۆناڵد ترەمپ بە هاندان و ئاڕاستەکردنی خەڵک و رووداوەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا تۆمەتباردەکرێت، بەو هۆیەشەوە تویتەر چەندجارێک تویتەکانی ترەمپی سڕیەوە و دواجار هەژمارەکەی بەتەواوی داخست.
کۆمپانیای تویتەر لەبارەی داخستنی هەژماری دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت: دوای پێداچوونەوەیەکی وردی تویتەکانی دۆناڵد ترەمپ، هەروەها بۆ رێگریکردن لە تووندوتیژی زیاتر، ناچاربوون هەژماری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دابخەن.
توویتەر لە رێگەی گوتەبێژەکەیەوە رایگەیاند: هەژمارە فەرمییەکانی ئیدارەی ئەمریکا راناگیرێت، بەڵام بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، پەنابردنی ترەمپیش بۆ هەژماری دیکە بەپێچەوانەی یاساکانی توویتەر ناودەبات، لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی هەژماری فەرمی "سەرۆکی ئەمریکا پۆتوس" رایگەیاند: سەکۆیەکی تایبەت بەخۆی دادەمەزرێنێت وەکو کاردانەوەی داخستنی هەژمارەکەی.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ دەشڵێت: "لەمێژە گوتوومە، توویتەر زۆر زێدەڕۆیی کردووە لە بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین، کۆمپانیاکە لەگەڵ دیموکراتەکان و چەپی پەڕگیر رێککەوتوون بۆ رەشکردنەوەی ئەکاونتەکەم و بێدەنگ کردنم، ئەوەش پێچەوانەی بۆچوونی 75 ملیۆن ئەمریکییە کە دەنگیان پێداوم".
پێشتر بەشێک لە پارێزەر و کەسایەتیی بەنێوبانگی ئەمریکا داوای ئەوەیان کردبوو کە هەژمارەکانی ترەمپ لە سەرجەم تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دابخرێن.
میشێل ئۆباما، هاوژینی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبارەی کاریگەریی تۆڕی کۆمەڵایەتیی لە تویتێکدا رایدەگەیێنێت: پێویستە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەفتارە "دێوەزمانەکەی ترەمپ" رابگرن و بۆ هەمیشە لە تۆڕەکانیان دەریبکەن.
ئەم هەواڵە 181جار خوێندراوەتەوە |