ZNA- هەولێر
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، ئابووری ئەمریکا پێویستی بە هاندانی نوێ هەیە و هەفتەی داهاتوو پاکێجێکی هاندانی چەندین تریلیۆن دۆلاری رادەگەیەنێت.
لەماوەی رابردوو و بەهۆی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا هەزاران کەس لەو وڵاتە بێکاربوون و رەوشی ئابووری ئەمریکا بەرەو خراپی رۆیشتووە، بۆیە بڕیارە وەک هاوکارییەکی دارایی بەهەر خێزانێکی ئەمریکی هەفتانە 600 دۆلار بدرێت.
جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو 600 دۆلارەی کە لە پاکێجی هاندانی نوێی ئەمریکا هاتووە و لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەندکراوە، بەس نیە بۆ رەواندنەوەی کێشە ئابوورییەکانی ئەمریکا.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا داوایکرد بڕی یارمەتییە داراییە راستەوخۆکان لە 600 دۆلارەوە بەرزبکرێتەوە بۆ 2000 دۆلار.
سەرۆکی ئەمریکا وەک چۆن پێشتر لە کەمپەینی هەڵبژاردندا بەڵێنی دابوو، داوایکرد کە لانیکەمی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی ئەمریکی بەرزبکرێتەوە بۆ 15 دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک.
چاوەڕوان دەکرێت جۆ بایدن پلانە نوێیەکەی لە رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە رابگەیەنێت، لێدوانەکانی جۆ بایدن کاریگەری گەورەی لەسەر بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا داناوە، بەهای پشکەکانی لە بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا بەرزکردەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی.
ئەم هەواڵە 136جار خوێندراوەتەوە |