ZNA- هەولێر
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیدا سەپاند، بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی حەشدی شەعبی پیرۆزبایی لە سەرۆكی دەستەكەیان كرد و دەڵێت، "فەیاز چووەتە پاڵ خەڵكانی شەریف، كە ئیدارەی ئەمەریكا بەدوژمنیان دەزانێت."
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی حەشدی شەعبی لە تویتەر وەڵامی بڕیارەکەی ئەمریکایان دایەوە و لە تویتەکەدا پیرۆزبایی لە فالح فەیاز دەكەن و رایان گەیاند: "فەیاز چووەتە پاڵ خەڵكانی شەریف، كە ئیدارەی ئەمەریكا بەدوژمنیان دەزانێت"، هاوکات بە هاشتاگی "سەركردەكانمان ئەمەریكایان تۆقاند" كۆتاییان بەپەیامەكە هێناوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیدا سەپاند، کە لە پێشتردا، فالح فەیاز سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش بوو.
وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا باسی لەوەشکردبوو، بە تۆمەتى پێشلکاری مافەکانى مرۆڤ و پەیوەندی بەسەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانى ساڵی ٢٠١٩، سزایان بەسەر فالح فەیازدا سەپاندووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە کاتێکدا هاوڵاتیان خۆپیشانیان دژ بە گەندەڵی و خراپی دۆخی ئابوری و نەبوونى خزمەتگوزاری ئەنجامداوە، ئەندامانى هاوپەیمانی ئێران لە حەشدی شەعبی هێرشیانکردووەتە سەر هاوڵاتیانى مەدەنی عێراقی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتن لە سزادانی ئەو کەسانەی دەستیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق هەیە بەردەوام دەبێت.
ئەم هەواڵە 550جار خوێندراوەتەوە |