ZNA ــ هەولێر گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند تەنیا 42 نەخۆشی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی سلێمانیدا ماون و گوتیشی "لە سلێمانیدا كۆرۆنا بە رێژەی 70% كەمیكردووە".
یاد نەقشبەندی، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیاند تووشبوون بە كۆرۆنا لە سلێمانی بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە كەمیكردووە، ئەوەش پەیوەندی بە جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكانەوە هەیە لەلایەن هاونیشتمانیانەوە و گوتیشی "ئێستا تەنیا 42 نەخۆشی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی سلێمانیدا ماون کە زۆربەیان تەندروستیان جێگیرە، دەتوانین بڵێن لە سلێمانیدا كۆرۆنا بە رێژەی 70% كەمیكردووە".
ئەو نایشارێتەوە یەكێك لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی رێژی تووشبوون، پەیوەندی بە داخستنی ناوەندەكانی خوێندنەوە هەیە و گوتی :"ئێستا بەمەرجی خۆپارێزی و جێبەجێكردنی رێنماییەكانی تەندروستی لەگەڵ كردنەوەی قوتابخانەكانین".
یەکەم کەیسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە رۆژی 1-3-2020 تۆمارکرا، یەکەم کەسیش هەر لە سلێمانی لە رۆژی 4-1-2020 بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تائێستا 104 هەزار و 334 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و سێ هەزار و 418 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان 30,103 کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون، 22,674 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە و 1,666 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
ئەم هەواڵە 157جار خوێندراوەتەوە |