ZNA- هەولێر
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی داوادەکات کۆمپانیاکان دەرمانێكی شەکرە بە ناوی مێتفۆرمین لە بازاڕەکان بكشێننەوە، چونکە دەرکەوتووە بڕێكی زۆر لە ماددەیەکی کیمیایی تووشکەری شێرپەنجەی تێدایە.
دەزگا ئەمریکییەکەی تایبەت بە خۆراک و دەرمان رایدەگەیێنێت: دەرمانێكی چارەسەری شەکرە کە بەشێوەیەکی بەربڵاو بۆ تووشبووان بەکاردەهێندرێت، بڕێكی زۆر لە ماددەیەکی کیمیایی تێدایە کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات.
د. گێی مینتز، بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییەکانی دڵ و چەورییەکانی خوێن لە نەخۆشخانەی ساندرا ئەتڵەس لە نیویۆرک دەڵێت، دەزگا ئەمریکییەکە بڕێكی دیاریکراوی داناوە و لەوە کەمتر مەترسی نابێت، بەڵام زیاتر لەو بڕە دیاریکراوە مەترسیی شێرپەنجە زیاددەکات بەتایبەت ئەگەر بۆماوەیەکی درێژخایەن بەکاربهێندرێت.
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی روونیکردووەتەوە، بۆ حەبێكی مێتفۆرمینی 750مللیگرامی، دەبێت کەمتر لە 96 نانۆگرام لەو ماددەی NDMA تێدابێت، بەڵام دەرکەوتووە کە بڕێكی زۆر زیاتر لەو بڕەی تێدایە و مەترسیی تووشبوون بە سەرهەڵدانی خانە شێرپەنجەییەکان زیاددەکات، هاوکات مەترسیی بەشەمێبوونی جگەر و دروستبوونی گرێ زۆرتردەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوێكی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی لە ساڵی 2010ـەوە بەدواداچوون بۆ دەرمانەکە دەکەن، لەدوایین ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە دەرمانی مێتفۆرمین کە بۆ چارەسەری تووشبووانی شەکرە بەکاردەهێندرێت، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات، ئەمەش چونکە بڕێكی رێگەپێنەدراو لە ماددەی NDMA تێدایە.
ئەم هەواڵە 358جار خوێندراوەتەوە |