English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
جوتیار عادل : بەم نزیکانە کات و رێژەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیەنین
2021-01-13 [03:16 AM]

ZNA- ھەولێر 




لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا سێ بڕگەی سەرەکی و گرنگ تاوتوێ کران و زانیاری لەبارەی کاتی دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندنیش ئاشکرا کرد.

تاوتوێکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١:

جوتیار عادل گوتی: لە کۆبوونەوەکەدا ھەریەک لە وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانانی حکومەتی ھەرێم پێشنیازەکانیان لەژێر رۆشنایی کۆبوونەوەکەی دوێنێی لیژنەی ئابووری ھەرێمی کوردستان پێشکەشکرد و ژمارەیەک پێشنیاز و بیرۆکە لەچوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ خرانەڕوو و گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.

ھەروەھا گوتی: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەتەکانی راسپارد، بۆ ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە ھەفتەیەکدا پڕۆژەکانیان لەبارەی رێکخستنەوەی خەرجیی و داھاتەکان بۆ ئەو لیژنەیە بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە نزیکترین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆ بکرێت و پەسەند بکرێت.

گرێبەستی خزمەتگوزاری لە خاڵە سنوورییەکان:

جوتیار عادل ئاشکراشیکرد، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیرانی تاوتوێی رێکار و بڕیارەکانی تایبەت بە رێکخستنەوەی گرێبەستە خزمەتگوزارییەکان لە خاڵە سنوورییەکان کرد  و لەوبارەیەوە ھەنگاوی باش نراوە و دووپاتیکردەوە، ئامانجی ئەو لیژنەیە رێکخستنەوەی داھاتەکان و زیادکردنی داھاتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستانە و سەپاندنی باج لەسەر ئەو گرێبەستانە و ھەندێک لایەن کە ھیچ گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەت نییە و تەنیا بوونی ئەوان لەو شوێنانە بۆ زیادکردنی روتینە و مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنانە ناکرێت و رێگەیان پێ نادرێت لەو خاڵانە کار بکەن، ئەگەر لەچوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا نەبێت.

ھەروەھا گوتی: حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسۆنگەی شەفافیەت و دروستکردنی ھاوسەنگی لەنێوان داھات و خەرجییەکان، دوای چەندین ساڵ لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەیاسایەک بۆ ئەو مەبەستە دەخرێتەڕوو و پەسەند دەکرێت، بە ئامانجی ئاشکراکردنی داھات و خەرجییەکانی حکومەت بە تەواوەتی، ئەمەش لە پێناو بەدیھێنانی دادگەپەروەری و شەفافیەت لەم چوارچێوەیەدا.

دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و رێکارەکانی تایبەت بە کۆرۆنا:

سەبارەت بە رێکارەکانی خۆپاڕێزی و رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، جوتیار عادل ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ حکومەت وەک لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری تەندوستی ھەڵسەنگاندنی خۆی بۆ دۆخی تەندروستی ھەرێمی کوردستان خستەڕوو و لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە پێشنیازەکانیان پێشکەش کرد، دوای ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی ئەو پێشنیازانە و دوای خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ پلانی وەزارەتی پەروەردە، کە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن ئامادەی کردبوو، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئەو پلانەی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند کرد.

ھەروەھا گوتی: بەگوێرەی پلانی پەسەندکراوی وەزارەتی پەروەردە، بریاردرا، رۆژی شەممە ١٦ی ئەم مانگە خوێندنی قۆناغی ١٢ ئامادەیی لە قوتابخانەکان دەستپێ بکاتەوە، دواتر لە ٢ی شوبات لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دووبارە کۆدەبێتەوە و ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی بۆ دۆخەکە دەخرێتەڕوو و لەژێر رۆشنایی ئەو ھەڵسەنگاندنە بڕیاری نوێ دەردەکرێت.

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە قۆناغەکانی دیکەی خوێندنیش، گوتەبێژی حکومەت گوتی: لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بڕیاردرا، لە ١ی ٣ی ئەمساڵ پرۆسەی خوێندن دەستپێ دەکات و ئاشکرایکرد، بۆ ئەو مەبەستە بەم نزیکانە وەزارەتی پەروەردە وردەکاری و خشتەی چۆنیەتی دەستپێکردنی خوێندن و ئەزموونەکان لە رێگەی پلان و بەرنامەیەکی تایبەتەوە رادەگەیەنێت.

دوای خستنەڕووی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، گوتەبێژی حکومەت لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دابینکردن و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران کراوە و بەم نزیکانەش کات و رێژەی مووچە رادەگەیەنین.





ئەم هەواڵە 592جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad