English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزارەتی پەروەردە راگەیندراوێک لە بارەی دەست پێکردنەوەی دەوام بڵاودەکاتەوە 
2021-01-13 [06:39 AM]

ZNA- ھەولێر 


وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی چۆنێتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەخێوکاری قوتابیان سەرپشکن لەوەی کە لەنێو پۆلدا منداڵەکانیان بخوێنن یاخود بەشێوەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین، بۆ ئەو مەبەستەش فۆرمێک بە بەخێوکاری قوتابیان پڕدەکرێتەوە.

دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی پەروەردە:

راگەیەندراوێک لە راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە:

پاش کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە ، ١٣ی ١ی ٢٠٢١ی لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی  ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەسەرپەرشتی بەرێز وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەرێزان: لە وەزیرانی تایبەتمەند و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، بریاردرا:

١-  رۆژی شەممە، ١٦ی ١ی ٢٠٢١، خوێندن لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی، بە ھەموو بەشەکانیەوە، لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکان دەستپێدەکاتەوە.

٢- پرۆگرامی خوێندن بە ریزبەندی دەخوێندرێت. رۆژ و کاتی تاقیکردنەوەکانی وەرزی و تاقیکردنەوە گشتییەکان بەگوێرەی ئەو خشتانەی کە بە نوسراوی فەرمی بڵاودەکرێنەوە کاریان پێدەکرێت.

٣- لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بەمەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایانی بەرێز تەنھا ئەوکاتانە لە قوتابخانە دەبن کە وانەیان ھەیە ، پاش وتنەوەی وانەکانیان پابەند ناکرێن بە مانەوە لە ناو قوتابخانە.

٤- لە رۆژی شەممە ١٦ی ١ تا ماوەی یەک ھەفتە، ئەو بژارەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران، لە رێگای فۆرمێکەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردووە  و لە قوتابخانەکان پڕ دەکرێتەوە، کە بەخێوکار سەرپشک دەکات قوتابیەکەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بکات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیکردنەوە نوسینەکیەکانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات.

٥- رێنماییە خۆپارێزییەکان لە ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێدەکرێت و پێگیریی بە رێنماییەکان زامنکاری بەردەوام بوونی خوێندنە ، بۆ ئەومەبەستە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بابەتی پرۆسەی خوێندن ، کە بەسەرپەرشتی بەرێز پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەرێوەبەرانی گشتی پەروەردە و تەندروستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان پێکھاتووە ، ھەماھەنگی دەکەن بۆ باش بەرێوەچوونی پرۆسەکە.

٦- لەڕووی پرەنسیپەوە ، کۆبوونەوە پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند کرد بۆ دەستپێکی خوێندنی قۆناغەکانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی  وپەیمانگاکان ، حکومی و ناحکومی ،  کە لە ١ی ٣ی ٢٠٢١ دەستپێبکات، لە ٢ی ٢ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا کۆدەبێتەوە بۆ ھەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و ھەر بریارێکی نوێ کە پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری لەو بەروارە (بۆ قۆناغەکانی ١ی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و کەمبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندکراو بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەکات.

پارێزراو تەندروست ساغبن.

راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە 
١٣ی ١ی ٢٠٢١





ئەم هەواڵە 406جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad