ZNA - ههولێر
سهرهڕای ئهوهی وڵاتی چین ئامادەکاریی بۆ گەیشتنی شارەزایانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکات، ئهمڕۆ پێنجشەممە دوای هەشت مانگ یەکەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا له چین تۆمارکرا، له ههمانكاتدا وڵاتەکە هەوڵدەدات دووبارە کۆنتڕۆڵی بڵاوبوونەوەی پەتاکە بکات.
لیژنەی تەندروستی نیشتیمانی چین وتی حاڵەتی گیانلەدەستدانەکە لە کەرتی خەبی لە باکووری وڵاتەکە تۆمارکراوە. بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە بدات.
لە ماوەی ڕابردوودا چین داخستنی گشتی لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئەم کەرتە ڕاگەیاند کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دووبارە تیایدا بڵاوبۆتەوە. دوایین حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە چین لە مانگی 5ی ساڵی 2020 دا تۆمارکرا.
چین کە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو لە کۆتایی ساڵی 2019 دا بە دیاریکراوی لە شاری وهان، توانیویەتی تا ڕادەیەکی بەرچاو کۆنتڕۆڵی پەتاکە بکات.
بەڵام لەم هەفتانەی دواییدا لە کۆمەڵێک شاری چین هەندێک حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکرا، ئەمەش کاربەدەستانی ناچار کرد ڕێوشوێنەکانی کەرەنتین کردن بگرنەبەر، لەگەڵ ئەوەشدا کۆتوبەندی خستە سەر جوڵەی هاوڵاتیان و دەستیکرد بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی پشکنین کە 10 ملیۆن خەڵکی گرتەوە.
لە ئێستادا نزیکەی 200 ملیۆن کەس لە باکووری وڵاتەکە لەژێر ڕێوشوێنی داخستنی گشتیدان.
ئەم تۆمارکردنی حاڵەتانەش هاوکاتە لەگەڵ گەیشتنی شارەزایانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ شاری وهان، مەبەست لە سەردانەکەشیان لێکۆڵینەوەیە لە دامەزراوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکەدا، بەڵام پێش ئەوەی دەستبەکار بن، بۆ ماوەی دوو هەفتە کەرەنتین دەکرێن.
شاندەکەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان لە 11 زانای دانیمارک و بەڕیتانیا و هۆڵەندا و ئوستڕاڵیا و ڕوسیا و ڤیێتنام و ئەمەریکا و ئەڵمانیا و قەتەڕ و ژاپۆن پێکهاتوون.
ئەم هەواڵە 106جار خوێندراوەتەوە |