ZNA - ههولێر
وەزارەتی شارەوانی حكومهتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە نوێترین چاكسازیدا، چەندین مەرجی تازەمان بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە داناوە كە كاری خاوێنكردنەوە دەكەن، لە شارەوانیی ھەولێر، تەنیا لە نوێكردنەوەی گرێبەستی خاوێنكردنەوە، زیاتر لە ١٠ملیار دینار بۆ حكوومەت گەڕاوەتەوە.
كوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، وەزارەت پرۆسەی چاكسازی درێژخایەنە، لە ھەر سێكتەرێكدا ئێمە چاكسازی بكەین، ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی رادەگەیەنین، لە نوێترین چاكسازیشدا، چەندین مەرجی تازەمان بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە داناوە كە كاری خاوێنكردنەوە دەكەن و گرێبەستی ھەولێر بە كۆتا ھات و ئێمەش بۆمان نوێ كردنەوە، بەمەش توانرا زیاتر لە ١٠ملیار دینار بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە، ھەر كاتێك گرێبەستی سلێمانی و دھۆكیش تەواو بێت، بۆ ئەوانیش بەپێی مەرجە تازەكان نوێی دەكەینەوە.
ئهو گوتەبێژه وتیشی، لە گرێبەستە نوێكاندا چەند زۆنێكی خاوێنكردنەوە زیاد كراون و ئاستی كوالێتی پرۆسەكەش بە زیادكردن و بەرزكردنەوەی ژمارە و مۆدێلی ئۆتۆمبێل و ئامێرەكان بەرز كراوەتەوە، بە ھۆی ئەو چاكسازییەوە، ساڵانە پارەیەكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە.
ئهوهشی خستهروو، گرێبەستی خاوێنكردنەوە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ یەك ساڵ بریتی بوو لە (٢٩،٥٨٢،٧٥٣،٤٠٠ دینار) و ئەوەی نوێ پارەكەی زۆر كەم بووەتەوە و ئێستا بۆ ماوەی یەك ساڵ بووەتە (١٩،٥٢٥،٦٧٧،٣٢٤ دینار).
باسی لهوهش كرد، لەگەڵ زیادكردنی چەندین زۆنی نوێی خاوێنكردنەوە و بەرزكردنەوەی كوالێتی پرۆسە و زیادكردنی ئامێر و ئۆتۆمبێلیش كە لە گرێبەستی كۆن نەبوونە و لە نوێكەدا ھەن، واتە جیاوازی نێوان ھەردوو گوژمەی كۆن و نوێ بۆ یەك ساڵ، زیاتر لە (١٠) ملیار دینارە و بۆ حكوومەت گەڕاوەتەوە.
روونی كردهوه، گوژمەی كۆن و نوێ، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی ھەولێر، تەنیا بۆ ماوەی یەك ساڵ، بڕی نزیكەی (دوو ملیار دینار) كەم كراوەتەوە، واتە گرێبەستە نوێكان بە پارەیەكی كەمتر لە پرۆسەیەكی شەفاف لەگەڵ كۆمپانیاكانی ناوخۆ كراون و چەندین زۆنی نوێش لە سنوورەكە زیاد كراون، بە ھۆی ئەو چاكسازییەوە پارەیەكی زۆر بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێتەوە و پرۆسەی خاوێنكردنەوەش ئەكتیڤتر و فراوانتر دەكرێت.
KDP.info
ئەم هەواڵە 241جار خوێندراوەتەوە |