ZNA- هەولێر
گوتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر ڕایگەیاند، ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێریی نێودەوڵەتی دەکرێت، بەڵام ئەو مۆڵەتە ساختەیە و پێویستە هاووڵاتیان ئاگادار بن.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی ڕاگەیاند: ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێریی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر بڕە پارەیەک دەکرێت و ریکلامی بۆ دەکرێت، ئێمە وەک پۆلیسی ھاتوچۆ ڕایدەگەیەنین کە دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری تەنیا لە فەرمانگە تایبەتەکانی ھاتووچۆ دەبێت نەک کۆمپانیا و نووسینگە و کەرتی تایبەت و سۆشیاڵ میدیا،بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان خۆیان لە پێدانی پارە بەو مۆڵەتە بپارێزن چونکە لەھیچ وڵاتێک بەو جۆرە مۆڵەتە کار ناکرێت.
فازل حاجی گووتی: ھەر کەسێک بیەوێت مۆڵەتی شوفێریی نێودەوڵەتی دەربھێنێت پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ھاتووچۆ بکات و مۆڵەتی شۆفێری خۆی و پاسپۆرتی فەرمی پێبێت و دوای مامەڵە و کاری پێویست،بۆ ماوەی ساڵێک مۆڵهتی شوفێری پێدەدرێت.
دڵشاد یونس هەرکی
ئەم هەواڵە 1009جار خوێندراوەتەوە |