ZNA – هەولێر
بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا لەعێراق ئاشكرای دەكات، لە ناوچەی جەرف سەخر دەنگی تەقینەوە و بۆردوومان بیستراوە، بەڵام شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق هەواڵەکە رەتدەکاتەوە.
کاپتن بیڵ ئوڕبان، گوتەبێژی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت ئەم بەیانییە بەدووری 40 میل لە بەغدا، تەقینەوەیەک لە شارۆچکەی جەرف سەخەر لە دەرەوەی بەغدا روویداوە، بەڵام رەتیدەکاتەوە هێزەکانی ئەمریکا پەیوەندییان بە رووداوەکەوە هەبێت.
میدیاكانی ناوخۆی عێراق دەڵێن بەیانی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوە لە ناحیەی جرف سەخر لە باكووری پارێزگای بابل بیستراوە، دەگوترێت نۆ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژراون، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەو زانیارییەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناحیەكە لە دەست داعش، میلیشیاكانی نزیك لە ئێران بەتایبەتی كەتائیبی حیزبوڵڵا، سەرایای خوراسانی، عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتائیبی ئیمام عەلی ناحیەكەیان كۆنتڕۆڵكردووە.
ئەم هەواڵە 145جار خوێندراوەتەوە |