ZNA – هەولێر
وەزیرى کارەباى حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سێ وێستگەی کارەبا لە شارى هەولێر بە بڕى نزیکەى هەشت ملیۆن دۆلار کرانەوە کە یارمەتیدەردەبن بۆ چارەسەرکردنى کەمى کارەبا لە سنورەکەدا.
کەمال محەمەد، وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "لە شارى هەولێر سێ وێستگەى ٦٣ مێگاواتى لەلایەن کۆمپانیاى بێستى تورکى بە بڕى چوار ملیۆن و ٤١٥ هەزار دۆلار لەگەڕەکى ئیسكانی نوێ بنیاتنراوە".
محەمەد گوتیشی، "وێستگەیەکى دیکە لە هەولێر لە لایەن کۆمپانیاى شاندز بە برى سێ ملیار دینار بنیاتنراوە کە بریتیە لە گرێدانی وێستگەی ئازادی نوێ بە وێستگەی ئیسكانی نوێ ".
وەزیری كارەبای هەرێم ئەوەشى خستەڕوو، " دەرهێنانی پێنج فیدەری ١١ كەی ڤی لەلایەن کۆمپانیاى پالۆزەوە بە بڕى سێسەد و ٦٧ ملیۆن دینار بنیانتراوە ".
ئەو باسی لەوەشکرد، "ئەم وێستگانە لە داهاتوودا یارمەتیدەردەبن بۆ چارەسەرکردنى کەمى کارەبا لە سنورەکەدا".
ئەوەش دوایی ئەوەدێت، بەشێکى زۆرى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان ناڕەزایەتى دەردەبڕن لە شێوازى پێدانى کاتژمێرەکانى کارەبا لە هەرێمى کوردستان.
ئەم هەواڵە 457جار خوێندراوەتەوە |