ZNA - ههولێر
بەرپرسێك له وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای كرد، بڕیارە دوو لیوای پێشمەرگە دابمەزرێن، ھەردوو لیواكەش لەلایەن ھاوپەیمانانەوە پێداویستیی سەربازییان بۆ دابین دەكرێت.
لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سەرەتای شەڕی داعشەوە، ھێزەكانی ھاوپەیمان دوو لیوای پێشمەرگەیان پڕچەك كرد و ئەمەش كاریگەری ھەبوو لەسەر ھێزی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەڕی تیرۆریستانی داعش، ساڵی رابردووش ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ھەردوو لیوای ١٤و ١٦یان پڕچەك كرد و ھەموو پێداویستییەكی سەربازییان لە چەك و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕ بۆ دابین كردن و هەروەها مەشق و راھێنانیشیان بەو دوو لیوایە كرد".
بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی، بڕیارە دوو لیوای دیكەی پێشمەرگە دابمەزرێن، ئەوانیش لیوای ١٣و ١٥ن و ھەردوو لیواكەش لەلایەن ھاوپەیمانانەوە پێداویستیی سەربازییان بۆ دابین دەكرێت.
لیوا بابەكر، ئهوهی خستهروو، ھاوپەیمانان بەڵێنی ئەوەیان پێ داوین ھاوكاریی زیاتری وەزارەتی پێشمەرگە بكەن، بە تایبەتی لە یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگە و مەشق و راھێنان، ھاوپەیمانانیش بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بوونە، كە ئەمەیش ھەنگاوی زۆر گرینگن بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە لەسەر دەستی ھاوپەیمانان بە چەك و پێداویستیی پێشكەوتووی سەربازی، دابمەزرێن.
KDP.info
ئەم هەواڵە 268جار خوێندراوەتەوە |