|
ZNA ــ هەولێر بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی "خینیال"ی ئیسپانی، چوار کار هەیە نابێت لەدوای نانخواردن ئەنجامبدرێت، بەوپێیەی چەند گرفتێکی تەندروستیان بەدواوەیە وەک سوتانەوەی گەدەو هەستکردن بەماندوێتی.
خۆشوشتن
پێگەکە باسی لەوەکردوە، لەکاتی خۆشوشتندا پلەی گەرمی جەستە بەشێوەیەکی کەم بەرزدەبێتەوە، لەبەرئەوە جەستە پێویستی بەوەیە بڕێکی زیاتر خوێن بۆ پێست ڕەوانە بکات، ئەمەش وادەکات پرۆسەی هەرس خاوبێتەوە، لەبەرئەوە واباشترە دوای ٣٠ خولەک لەنانخواردن خۆبشۆردرێت.
چا خواردنەوە
زۆرکەس ڕاهاتون ڕاستەوخۆ دوای نانخواردن چا دەخۆنەوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەڵێن چا ڕێگری لەمژینی ئاسن لەلایەن جەستەوە دەکات کە توخمێکی زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی، بەتایبەت بۆ ئەوانەی توشی نەخۆشیی کەمخوێنی هاتون، لەبەرئەوە پسپۆڕان ڕێنمایی دەدەن بەوەی منداڵانو خانمانی سکپڕو ئەوانەی گرفتی کەمی ئاسنیان هەیە، لانیکەم دوای کاتژمێرێک لەنانخواردن چا بخۆنەوە.
خەوتن
هەندێک لێکۆڵینەوە ئەو بۆچونەیان بەدۆرخستۆتەوە کە دەڵێت، خەوتنی دوای نانخواردن وادەکات کێشی جەستە زیادبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت نکوڵی لەزیانەکانی ئەو خوە بکرێت، خەوتن لەسەر سکو دوای نانخواردن ڕەنگە ببێتە هۆی دروستکردنی گرفتی وەک سوتانەوەی گەدە، بۆئەوەش پسپۆڕان هاوڕان لەسەرئەوەی واباشترە دوای دوو کاتژمێر لەنانخواردن مرۆڤ بچێتەسەر جێگای خەو.
وەرزشکردن
پسپۆڕان وەرزشکردنى ڕاستەوخۆ لەدوای نانخواردن بەپەسەند نازانن، لەبەرئەوەی ڕەنگە ڕاهێنانکردن لەسەر سکی پڕ ناڕەحەتی بۆ کەسەکە دروستدەکات وەک دڵتێکەڵهاتنو قرپکردن، ئەوە جگە لەدروستبونی گرفتی وەک گرژبونی ماسولکەکان، هەربۆیە واباشترە دوای دوو کاتژمێر لەنانخواردن دەست بەئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەکان بکرێت.
ئەم هەواڵە 202جار خوێندراوەتەوە |