ZNA - ههولێر
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول رایگهیاند، بەپێی ئەوە زانیارییانەی کە دەستی ھێزە ئەمنییەکان کەوتوون، دەرکەوتووە ئەو دوو خۆکوژەی کە پێنجشەممەی رابردوو لە گۆڕەپانی تەیەرانی ناوەڕاستی بەغدا خۆیان تەقاندەوە، ھەڵگری رەگەزنانەی عێراقی بوون.
یهحیا رهسول وتیشی، پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی خۆکوژێکی سعوودی بڵاوکرابوویەوە کە گوایە یەکێک لە خۆکوژەکانی گۆڕەپانی تەیەران بووه، بەڵام ئهم زانیارییه دروست نییه، چونکە پێشتر ئەو خۆکوژە لە سعوودیە خۆی تەقاندووەتەوە.
ئهوهشی خستهروو، ھێزە ئەمنییەکان لەبارەی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کردەی تیرۆریستی لە ژمارەیەک ناوچەی بەغدا، زانیارییان بەدەست گەیشتبوو، بێئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەوە بخاتەڕوو.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوو تەقینەوەی خۆکوژی لە گۆڕەپانی تەیەران-ی بەغدا روویاندا و لە ئاکامدا، ٣٢ کەس کوژران و ١١٠ کەسی دیکەیش برینداربوون، دواتر رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان راگەیاند.
ئەم هەواڵە 367جار خوێندراوەتەوە |