ZNA - ههولێر
ئهمڕۆ سێشهممه سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، رایگەیاند، له ئێستادا پلەبەرزكردنەوە و تەرقییەی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2018 كاری لەسەر دەكرێت و ئامادە دەكرێت، وتیشی، بە پێی تێگەیشتنی ئێمە و ئەنجوومەنی وەزیران، پێویستە خێراتر رایی بكرێت، بەڵام دەبێت بە پێی رێنوێنی و یاسا بێت، نابێت بەدەر لهوه پێشمەرگە بخرێتە لیستەكانی پلەبەرزكردنەوە.
سەربەست لەزگین گوتی، بە بڕیاری جەنابی سەرۆكی حكوومەت، پلەبەرزكردنەوەی ساڵی 2017 جێبەجێ كرا و فەرمانی پلەبەرزكردنەوە بۆ هەموو ئەوانە دەرچووە كە شایستەی پلەبەرزكردنەوەی ساڵی 2017 بوون، بۆ پلەبەرزكردنەوەی ساڵی 2018 بەپێی میكانیزمی تازە دەكرێت، میكانیزمەكەش ئەوەیە بە پێی یاسا و رێنوێنییەكان بێت، پلەبەرزكردەوەی ساڵانی 2015 و 2016 و 2017 لەبەر شەڕی داعش وبەهۆی دۆخی تایبەتی ئەو كات بە دەر لە رێنماییەكان لیستەكان كران، بەڵام ئێستا بە پێی رێنماییەكان ئەو ئەفسەرەی بڕوانامەی كۆلیژی نەبێت و پلە و پۆست (مهنسهب)ـی نەبێت و چەند مەرجێكی تریش، پلهبهرزكردنهوه نایگرێتهوه، بۆیه دەبێت ئهو مهرجانه لە ئەفسەرەكەدا هەبن، ئەوكات ناوی دەخرێتە نێو لیستی پلەبەرزكردنەوەوه.
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ئهوهی خستهروو، پلەبەرزكرنەوەی َلیواكان و یەكەكانی 70 و 80 و زێرەڤانیش دەگرێتەوە، بەو مەرجەی لە ئامادەكردنی لیستەكان رەچاوی رێنوێنی و یاسا بكرێت.
بەرزكردنەوەی پلەی پێشمەرگە بە گوێرەی پلەكانیان لە نێوان سێ ساڵ بۆ چوار ساڵ، تا دەگاتە شهش ساڵ جارێك، بەگوێرەی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە 38ی ساڵی 2007، مولازم و مولازمی یەك سێ ساڵ جارێك، نەقیب تا عەمید چوار ساڵ جارێك، لیوا تا فەریق شەش ساڵ جارێك پلەیان بەرز دەكرێتەوە.
پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی پێشمەرگەی کردبوو، لەو كۆوبونەوەیەدا سەرۆكی حكوومەتی ههرێمی كوردستان بڕیاری دا پلەبەرزکردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2017 جێبەجێ بکرێت و پلەبەرزکردنەوهکانی داھاتووش، بە پێی میکانیزمی نوێ و دوای وردبوونەوەی زیاتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
باسنیوز
ئەم هەواڵە 619جار خوێندراوەتەوە |