ZNA – هەولێر
دەیان پەرلەمانتاری عێراق چەند داوایەك لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن یەكێك لەو داواكاریانە دابەزاندنی بەھای دۆلارە بەرامبەر بە دیناری عێراقی.
113 پەرلەمانتاری عێراق یاداشتێك پێشكەش بە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كردووە تێیدا ھاتووە بەھای 100 دۆلاری ئەمەریكی بۆ 130 ھەزار دیناری عێراق داببەزێنرێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت بانكی ناوەندی عێراق بە نووسراوی فەرمی لە 20/12/2020 بەھای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دیاركرد، كە بەھای 1 دۆلار كڕینی لە وەزارەتی دارایی 1450 و فرۆشتی دۆلار بە بانکەکان لەڕێگەی زیادکردنی فەرمی 1460 و فرۆشتنی لەلایەن بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان بە هاووڵاتییان 1470 دینار دەبێت، ئەمەش بە هۆكاری ئەوەی كورتهێنانی بودجەی ئەمساڵی عێراق پێ كەم بكەنەوە.
دوای ئەو بڕیارەی بانكی ناوەندی عێراق، بەھای دینار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرامبەر دۆلار دابەزی ئێستا 100 دۆلاری ئەمەریكی لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق بە زیاتر لە 145 ھەزار دینار ئاڵوگۆڕی پێوە دەكرێت.
ئەم هەواڵە 436جار خوێندراوەتەوە |