English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەرلەمانتارێکی مەسیحی: سەرۆک بارزانی لە شەڕی داعشدا سەرکردایەتیی شەڕێکی جیھانیی دژی تیرۆر کرد
2021-01-28 [03:56 AM]

ZNA-هەولێر


ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی یەکێتی نەتەوەیی رایگەیاند، کە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان توانی داعش تێکبشکێنێ، لەئامێزگرتنی مەسیحییە ئاوارەکانی شەڕی داعشیش لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە بەرز دەنرخێنێ.

روبینە ئویملک عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی یەکێتی نەتەوەیی، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی ڕاگەیاند: لە کاتێکدا تیرۆریستانی داعش ھێرشیان ھێنا و مووسڵیان داگیر کرد، ژمارەیەکی زۆر لە پێکھاتەکان لە دەشتی نەینەوا ماڵ و حاڵیان خاپوور کرا و ئاوارە بوون و ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، لە ھەرێمی کوردستان بەوپەڕی دڵسوازانە  توانرا ھاوکاریی پێکھاتەکان بکرێت و ئەمنییەت و جێگایان بۆ دابین بکرێت و بپارێزرێن، لە شەڕی داعشدا سەرۆک بارزانی سەرکردایەتیی شەڕێکی جیھانیی دژی تیرۆری کردووە و جیھان بە گشتی قەرزداری سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە و گەلی کوردستانن، بە تایبەت پێکھاتەکانی کلدانی، سریانی، ئاشووری، سەرۆک بارزانی یەکەم سەرۆک بووە کە پاڵپشت و ھەنگاو بە ھەنگاو لە شان پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگری بوو بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایش و پێکەوەژیان، لە دەشتی نەینەوا، جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمانی دا لەو شەڕەدا دەبێت سەرکەوتن بەدەست بھێنین، یان پێکەوە دەژین، یان پێکەوە دەمرین، ئەمەش مێژوویەکە کە سەرۆک بارزانی لە لاپەڕەکانی ژیانیدا تۆماری کرد.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی یەکێتی نەتەوەیی گووتی:‌ لە ‌شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، چەندان پێشمەرگەی کوردستان بوونە قوربانی و خوێنیان رشت بۆ پاراستنی گوندە مەسیحییەکان، ئەمەش لە پێناو پاراستنی ئەو پێکەوەژیان بووە کە لە ساڵانێکی زۆرە ھەبووە، سەرۆک بارزانی توانی ڕۆڵێکی گەورەش ببێنت لە ڕزگارکردنی کۆبانی لە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاھەڵنەگرە و ھەموو جیھان دەزانێ پێشمەرگە چووە کۆبانی و کۆبانێی لە دەستی داعش ئازاد کرد، ڕۆڵی کلدان و ئاسووری و ئەرمەنی لە شۆڕشەکانی کوردستاندا و کە بەشدارییان لە شۆڕشەکانی بارزان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان و راپەرینی گەلی کوردستاندا کردووە و بە سەدان شەھیدیان پێشکەشی خاکی کوردستان کرد لە پێناو ئازادیدا، ھەروەک بیری ھێنایەوە، کە لە سەروەختی دەسەڵاتی بەعسدا، زیاتر لە ١٥٠ گوندی مەسیحی خاپوور کران و سەدان مەسیحیش ئەنفال کراون.

ھەروەھا روبینە ئویملک عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی یەکێتی نەتەوەیی، بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە سەرکردەی وەکوو شەھید فرانسۆ و ھورمز ملک چکۆ و مارگرێت خۆیان قوربانی کوردستان کرد و خەڵکی کوردستانیش رێز لە رۆڵ و قوربانیی ئەوان دەگرێ، ھاوپەیمانان لە شەڕی دژ بە داعش ڕۆڵێکی بەرچاویان ھەبوو لە ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەر لە دابینکردنی چەک و پێداویستی، تا دەگاتە مەشقپێکردنی پێشمەرگە، داعش لە سەر دەستی ھێزی پێشمەرگە تێک شکێندرا و ئەو ناوچانەی کە ھی پێکھاتەکان بوون و کەوتبووە دەستی داعش، لەسەر دەستی پێشمەرگە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانانن ئازادکران.


رێباز یونس





ئەم هەواڵە 601جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad