ZNA - ههولێر
حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە تا مانگی ئاداری ئەمساڵ كەمپی جەدعەی پێنج لە پارێزگای نەینەوا دابخات، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە پشكی پارێزگای نەینەوا، هۆشداری بە حكوومەتی عێراق دەدات و دەڵێت، داخستنی كەمپەكە و گەڕانەوەی خێزانە داعشییەكان، دەبێتە مایەی مەترسی بۆ سەر شاری مووسڵ و پێویستە حكوومەتی عێراق بڕیارەكە ڕابگرێت.
شێروان جەمال دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشكی پارێزگای نەینەوا، رایگەیاند، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە تا مانگی 3ی ئەمساڵ كەمپی جەدعە (5) لە سنووری پارێزگای نەینەوا دابخرێت، كە تایبەتە بە خێزانە داعشییەكان، بەبێ هیچ پلانێكیش دەیانەوێت خێزانەكان دەربكەن كە ژمارەیان هەزار و 226 خێزانن و خەڵكی باشوور و رۆژئاوای مووسڵن و زانیاریمان هەیە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناو موسڵ.
وتیشی، ئەو خێزانانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە سەلمێنراوە كە خێزانی داعشن، ئێستاش لە شاری مووسڵین و دەمانەوێت پەیامی خۆمان بگەیەنین بە حكوومەتی عێراق، كە مووسڵ تووشی مەترسیی زیاتر نەكەن و عەشیرەتەكانیشیان قەبووڵ ناكەن بگەڕێنەوە، لە شاری ئەنباریش دوو كەمپی تایبەت هەیە بە خێزانی داعشییەكان، بۆچی لەو شارە داناخرێت، بەڵام لە مووسڵ دایدەخەن.
باسی لهوهش كرد، داواكاریی خۆمان پێشكەش بە حكوومەتی عێراق دەكەین، كە ئەم بڕیارە ڕابگرێت لەبەر بارودۆخی مووسڵ و كۆتایی بەو مەلەفە بێنن، چونكە حكوومەت هیچ بەرنامەی نییە ئەو خێزانە داعشیانە ڕەوانەی ناوشار دەكات، كە دەبنە مەترسی بۆ سەر شارەكە و هەرێمیش، لەو رۆژانەشدا تیرۆریستانی داعش هێرش و چالاكییان زۆر بووە، بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دیالە و خانەقین و سەڵاحەددین و، لە بەغداش تەقینەوەیان ئەنجام دا.
KDP.info
ئەم هەواڵە 208جار خوێندراوەتەوە |