English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی: لە ھەوڵەکانمان بۆ ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی بەردەوام دەبین
2021-02-06 [01:46 AM]

ZNA - ھەولێر


نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٦\٢\٢٠٢١ لە گوندی کۆچۆی سەر بە قەزای شەنگال، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی (١٠٤) ڕوفاتی قوربانیی ئێزدیی دەستی تیرۆستانی داعش بەڕێوەچوو کە ژمارەیەکی بەرچاوی کەسوکاری قوربانییان و بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عیراق ئامادەی بوون.
لە ڕێوڕەسمەکەدا وتاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەلایەن بەڕێز نەوزاد ھادی، ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە خوێنرایەوە، ئەمە دەقەکەیەتی:
ئامادەبووانی بەڕێز،
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و قوربانییانی دەستی تیرۆر،
خوشک و برایانی خۆشەویستی ئێزدی..
سڵاوتان لێ بێت..
ئەمڕۆ ھەموومان لێرە پێکەوە بە ڕێز و شکۆوە لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە ڕوفاتی (١٠٤) قوربانیی ئێزیدیی خەڵکی کۆچۆدا بەشدارین، کە لە یەکێک لە سامناکترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا، بوونە قوربانیی دەستی داعشی دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆرستیی سەردەم.
گێڕانەوەی ڕوفاتی ئەم خوشک و برا ئازیزانەمان بۆ زێدی خۆیان، ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی دیکەی خەمگینی مێژوویەکی تاڵی پڕ لە ژان و ئازاری خوشک و برایانی ئێزدیمانە کە بۆ بەرگری و لەپێناو پاراستنی خۆیان و ئایین و کولتوور و زمانیاندا، بە دەیان جار ڕووبەڕووی فەرمانە یەک لە دوای یەکەکان و کۆمەڵکوژیی لەوجۆرە بوونەتەوە.
ئێزدی، نموونەی کۆمەڵگەیەکی نەرم و لێبوردەی ژیاندۆست و مرۆڤدۆستی ئاشتیخواز و خاوەن بەھای جوان و باڵان کە دەیانەوێ لەگەڵ ھەمووان، لەگەڵ تەواوی پێکھاتە و جیاوازییەکاندا، بە ئارامی و ئاشتەواییانە پێکەوە بژین. تەنیا خەریکی ژیان و بەڕێوەبردنی کاروباری گوزەرانیانن. بە درێژاییی مێژوو قوربانیی زۆر گەورەیان داوە، سەر و ماڵی خۆیان داناوە، بۆ ئەوەی بتوانن پارێزگاری لە بڕوا و خواناسی و لە ئێزدییاتی و ئایینی خۆیان بکەن. ھەرگیز بۆ دراوسێ و دەوروبەریان نەبوونەتە گرفت و سەرێشە، بە پێچەوانەوە، ھەمیشە فاکتەری ئارامی و تەبایی و نموونەی پێکەوەژیان بوون.
ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆرستانی داعش بەرامبەر بە خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەنجامیان دا، نەک ھەر بە تەنھا ھەوڵێکی کۆنەپەرستانەی لێدانی یەکێک لە دێرینترین ئایینەکانی ناوچەکە و مرۆڤایەتی بوو، بەڵکوو ھەوڵێکی نەزۆکی بێھوودە بوو، بۆ لێدان لە چەمک و بەھا باڵاکانی گەلی کوردستان لە لێبوردەیی و تەبایی و پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، کە مۆرکی دیار و بەرچاوی کۆمەڵگەی ئێزدین.
ڕاستە تیرۆرستان زەربەیان لەو چەمک و بەھایانە دا و ویستیان بیانسڕنەوە، بەڵام بێگومان گەلەکەمان و خوشک و برایانی ئێزدیمان بەتایبەتی، زۆر لە ھەوڵانە گەورەترن و ھیچ دوژمنێک لە مێژوودا نەیتوانیوە و ناتوانێت ھیچ شتێک لە ویست و ئیرادەمان بۆ ژیان، بۆ مرۆڤدۆستی، بۆ پێکەوەیی و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی کەم بکاتەوە. وەک ھەمیشە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وڵات، پێکەوە شان دەدەینە بەر ژان و ئازاری یەکتر و پێکەوە ڕووبەڕووی سەختییەکان دەبینەوە، پێکەوە برینەکانمان تیمار دەکەین.
لەم ڕێوڕەسمە پڕ شکۆیە و لەم ڕۆژە خەمگینەدا، جەخت لەسەر پێکەوەژیان و تەبایی و یەکترقبووڵکردن دەکەینەوە. خوشک و برایانی ئێزدی دڵنیا دەکەینەوە کە ھەموو ھەوڵێک دەدەین و لەگەڵ ھەموو لایەنە پەیوەندارە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئێزدییاتی بۆ ھەمیشە پارێزراو بێت، ئێزدی و ھەموو پێکھاتەکان و تەواوی گەلی کوردستان لە ئێستا و داھاتووی خۆیان دڵنیا بن، ناوچە ئێزدییەکان ئاوەدان بکرێنەوە و ژیان و خزمەتگوزاری و ئارامی و ئاسایشیان بۆ بگەڕێتەوە، سەرفراز، دڵنیا و بێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ھەموو ھەوڵێک دەدەین و لەسەر کارکردن بۆ بەپارێزگاکردنی شەنگال بەردەوام دەبین. لەگەڵ عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار دەکەین و ھاوکار و ھەماھەنگ دەبین بۆ ئەوەی جارێکی دی کارەساتی وا بەسەر ئێزدییان و ھیچ پێکھاتەیەکی دیکەدا نەیەتەوە. داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین، قەرەبووی خوشک و برایانی ئێزدیمان بکاتەوە، تیرۆرستان و تاوانبارانی کۆمەڵکوژییەکە بە سزای یاسایی بگەیەنرێن.
ھەروەھا داوا دەکەین دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال جێبەجێ بکرێت و حکوومەتی فیدراڵ ھەنگاوی جددی بۆ بنێت، کە خزمەتی ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانکردەنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات. لەمبارەیەوە داوا دەکەین نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەڵەتی ھاوکار و یارمەتیدەر بن.
تا ئێستا لە کۆی (٦٫٤١٧) خوشک و برای ڕفێنراوی ئێزدی، (٣٫٥٤٣)یان ڕزگار کراون و (٢٫٨٧٤)شیان ماون. دڵنیاتان دەکەینەوە کە لەسەر ھەوڵەکانمان بۆ ڕزگارکردن و ئاشکراکردنی چارەنووسی تەواوی ڕفێنراوان بەردەوم دەبین و ھەرگیز کۆڵ نادەین.
لە کۆتاییدا بە ڕێز و پێزانینەوە ڕۆڵی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی و ئەو پێشمەرگە قارەمانانە بە بیر دەھێنینەوە کە لەژێر فەرماندەییی جەنابیاندا، شەنگال و دەوروبەریان ئازاد کرد و بە سەدان پێشمەرگە لەو پێناوەدا گیان بەخشی و بەر کەوتن. لە خوای مەزن داواکارین گیانی شەھیدان بە بەزەیی و میھرەبانیی خۆی شاد بکات و بۆ ھەمیشە یادیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
زۆر سوپاسی تیمی نێودەوڵەتیی (یوونیتاد) بە سەرۆکایەتیی بەڕێز کەریم خان دەکەین بۆ ھەموو ئەو کارانەی لەسەر دۆسیای قوربانیانی ئێزدی دەیکەن، بەتایبەتیش لە کەیسی ڕوفاتی ئەم قوربانیانە و ناسینەوەیان. ھەروەھا دەستخۆشی لە ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر ئەم کەیسە دەکەین.
زۆر سوپاس..
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کورستان
٦ی شوباتی ٢٠٢١





ئەم هەواڵە 478جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad