ZNA-هەولێر
زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانیانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاندن: لە دوو هەفتەی ڕابردوودا گفتوگۆی چڕوپرمان هەبوو لەگەڵ وەزارەت و دەستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢١ـی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەڕێزان بریکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ستافی پەیوەندیداری وەزارەت و دەستەکان بوو.
زاگرۆس فەتاح گووتی: ئاراستەی کۆبوونەوەکانمان بەشێوەیەک بوو کە ئەولەویەت بۆ ئەو پرۆژانە بێت کە زیاتر خزمەتگوزارین و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر باروگوزەرانی هاووڵاتیان دەبێت.
هەروەها زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلان دانان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو گووتی: لە هەفتەی داهاتوودا لەسەر بنەمای دەرەنجامی ئەو کۆبوونەوانە و داتای پرۆژەکان هەوڵ دەدەین ڕەشنووسی پرۆژەیاساکە تەواو بکەین و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکەین و دواتر هەردوو بەشی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی بەکاربردن وەک یەک پاکێج لە ژێر ناوی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ـی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین.
D.H
ئەم هەواڵە 337جار خوێندراوەتەوە |