ZNA - ههولێر
ئەمڕۆ سێشهممه باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاگادارییهكی بڵاوكردهوه و رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا زنجیرەیەک تاقیکردنەوە دەکات، تاقیکردنەوەکان ئامێر و چۆنییەتی پەیڕەوکردنی رێوشوێنەکانی حاڵەتی لەناکاو دەگرنەوە و رەنگە ببنە هۆی بێزارکردن، وتیشی، پێشوەختە داوای لێبوردنی لە دانیشتووانی دەوروبەری باڵیۆزخانەکە دەکات.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە چەند رۆژی داهاتوودا لەئەنجامی تاقیکردنەوەی چەند کەرەستەیەک و رێوشوێنێکی باری لەناکاو، دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە و دەنگی ژاوەژاوی دیکە دەگەنە دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری باڵیۆزخانە. باڵیۆزخانە داوای لێبوردن دەکات بۆ هەربێزارییەک".
تاقیکردنەوەی ئامێری نوێ و راهێنان لەسەر رێوشوینەکانی باری لەناکاو لە باڵیۆزخانەکە لەکاتێکدان، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەردەوام بە مووشەک هێرش دەکرایە سەر باڵیۆزخانەکە، هەرچەندە نەبووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی کارمەندان و بەردەوامیش مووشەکەکان لەڕێگەی سیستەمی دژەمووشەکیی باڵیۆزخانەکە لەنێوبراون، بەڵام ئەمەریکا هۆشداری دابوو لەئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکان باڵیۆزخانەکەی دادەخات.
ئەمەریکا رێوشوێنی دیکەشی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکەی و گیانی کارمەندەکانی، لەوانەش 15ـی کانوونی دووەم/ یەنایەرـی 2021 رایگەیاند نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق تەرخان دەکات لەپێناو پاراستنی ناوچەی سەوزی بەغدا.
ئەم هەواڵە 124جار خوێندراوەتەوە |