ZNA-هەولێر بەڕێوەبەری گشتی بەرھەمھێنانی کارەبای ھەرێم رایگەیاند، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا زۆر زیادیکردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو، دەشڵێت، دەتوانن ساڵ دوای ساڵ دۆخی کارەبا بەرەوباشی ببەن.
دیار بابان بەڕێوەبەری گشتی بەرھەمھێنانی کارەبای ھەرێم رایگەیاند، "ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا بۆ سێ ھەزار و ٨٠٠ مێگاوات زیادیکردووە و بەراورد بەساڵی رابردوو زۆر زیاد بووە، بڕیاریشە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ١٠٠ مێگاواتی دیکەی کارەبا لە گەرمیان بەرھەم بھێنین و لە مانگی تەمموزیشدا بڕەکە لە ھەمان کێڵگەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە گەرمیان بۆ ١٦٥ مێگاوات کارەبا بەرزبکەنەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بڕیارە بەرھەمھێنانی غازی سروشتی بۆ ٢٠٠ پێ سێجا بەرز بکەنەوە بەمەش دەتوانین زۆربەی وێستگەکانی لە کارکەوتوو بخەینەکار و بارودۆخی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو باشی ببەین".
ئەوەش دوای ئەوە دێت، ساڵانە لەگەڵ ھاتنی وەرزی سەرما و گەرمادا خواست لەسەر بەکارھێنانی کارەبا لە ھەرێم زیاد دەبێت و بەوەش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زۆر کات کەمدەکات، بەشێوەیەک لەمساڵدا پێدانی کارەبا بە ھاوڵاتیان لە ١٢ کاتژمێر تێپەڕ ناکات، کە ئەوەش بووەتە ھۆی ناڕەزایەتی لای ھاوڵاتیان
ئەم هەواڵە 409جار خوێندراوەتەوە |