English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مه‌سرور بارزانی: بەهیچ شێوەیەک ئەوەمان قبوڵ نییە، مافە دەستوورییەکانی هەرێم بەو شێوەیە پێشێل بکرێن
2021-02-10 [11:29 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا باس لە دۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ دەكات.

ده‌قی گوته‌كانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

ئەمڕۆ دوو بابەتی سەرەکی هەیە دەمەوێت قسەیان لەسەر بکەم، سەبارەت بە گفتوگۆ لەسەر بودجەی حکومەتی فیدراڵی و هەروەها بودجەی هەرێم، بابەت و تەوەری  گفتوگۆی دووەمیش بەرنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمە، ئەو هەنگاوانەی ئەنجاممانداون بەکوێ گەیشتوون.

په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێمە و بەغدا هەروەک دەزانن ئەمە چەندین جارە شاندی ئێمە سەردانی بەغدا دەکات بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێک لەسەر بودجەی عێراق و بەتایبەتی بەشی هەرێم له‌و بودجەیەدا. ئێمە دەزانین عێراق بە بارێکی ناهەمواری ئابووریدا تێدەپەڕێت و داوامان کردووە ئەو بودجەیە، بودجەیەک بێت کە هەم بۆ خەڵکی عێراق بەشێوەیەکی گشتی و هەم بۆ خەڵکی هەرێمیش سوودمەند بێت و بتوانێت یارمەتیدەری خەڵکی عێراق بێت بە هەریمی کوردستانەشەوە.

داواکارییەکانی ئێمە ئەوەیه‌ کە پێویستە ئەو بودجەیە لەسەر بنەمای دەستوور بێت و شەفاف بێت و شایستە داراییەکانی هەموولایەک لەبەرچاو بگیرێت، کەواتە لایەنێک لەسەر لایەنێکی تر ئەوە نەکاتە دەستکەوت، دواپێشنیازەکان هەروەک لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆش باسمان کرد، چەندین پێشنیاز هەبووە، یەکێک لەو پێشنیازانەی کە بەشی هەرێم چۆن لە بودجەکەدا جێگیر بکرێت، کە ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا ئەنجامدراوە، ئەمەش ئامادەکاریی حکومەتی هەرێم بووە بە رادەستکردنی 250 هەزار  بەرمیل، یانیش ئەقیامی نەوت بەو رێژەیە، لەگەڵ نیوەی ئەو داهاتە فیدراڵییانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دێن، ئەمانە رادەست بکرێن بەرامبەر بەو شایستە داراییانەی کە حکومەتی فیدراڵی پێویستە بۆ هەرێمی دابین بکات.

كێشه‌ی ئێمه‌ ته‌نیا مووچه‌ نییه‌

بە ڕێزان ئەوەی گرنگە، خاڵێکە کە من دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم ئەویش ئەوەیە، کێشەی ئێمە تەنیا مووچە نییە، شایستە داراییەکانی ئیمە تەنیا مووچە نین، زۆر بابەتی دیکە هەیە کە بەداخەوە وەکو پێویست باسیان لێ ناکرێت، ئەویش ئەو شایستە داراییانەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە لە حکومەتی فیدراڵیی وەریبگرێت، کە ئەوانیش بڵێین خەرجییە سیادییەکان، یانیش وەبەرهێنانە، مەسەلە خانەنشینییە، پێشمەرگەیە. زۆر لەو شایستە داراییانەی کە موازەنە دەدرێت، پپێویستە بەشی هەرێمی تێدا بێت و رەچاوبکرێت، کەواتە تەنیا بابەت، بابەتی مووچە نییە.

کێشەکانی هەرێمیش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا تەنیا کێشەی بودجە بەشێوەیەکی گستی نییە، کێشەی دیکەش هەن: هێشتا ماددەی 140 ماوە، کە بابەتێکی دەستوورییە و تاوەکو ئێستا جیبەجێ نەکراوە، بابەتی پێسمەرگە هەیە کە تاوەکو ئێستا جیبەجێ نەکراوە، هەموو ئەو ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان تائێستا جیبەجێ نەکراوە، کەواتە ئێمە تاکو ئێستاش دەمانەوێت ئەمانە وەکو پاکێجیک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەینە ئەنجامێک بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گیروگرفتانە کە پێموایە لە ئەنجامدا یارمەتیی هەموو لایەک دەدات و بەڵام ئێستا کە مەسەلەی بودجە لەئارادایە، دەمویست ئەو خاڵانەتان پێبڵێم، ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت داکۆکیی لەسەر بکات، ئەو رێککەوتنەیە کە لەگه‌ڵ حکومەتی بەغدا ئەنجاممانداوە، یانیش ناوەڕۆکی ئەو ئیتفاقییە بەشێوەیەک دابڕێژرێتەوە، کەواتە هەندێکجار دەبیستین کە هه‌ندێك لە برادەران داوای رادەستکردنەوەی هەموو مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە ئەمە پێموایە ئەسڵەن خاڵێکی دەستووری نییە، چونکە لە دەستووردا مافەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراون بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو مەلەفە بکرێت، ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئەوەمان قبوڵ نییە، کە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بەو شێوەیە پێشێل بکرێن، بەتایبەتی لەو حاڵەتەشدا.

پێشنیازی دیکەش هەن، من نامەوێت بچمە ناو وردەکارییەکان، چونکە ئێمە شاندێکی تایبەتمان هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەسەر ئەو خاڵە بۆ ئەوانی بەجێدەهێڵین، تاوەکو ئێستاش شتەکان هەموویان بەئامانج نەگەیشتوون، تەواو نەبوون و هێشتا گفتوگۆکان لەسەریان بەردەوامە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی زۆر قسە کراوە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان زۆر قسەکراوە لەگەڵ لایەنی حکومەت خۆی زۆر قسەکراوە و چاوەڕێی ئەوەین بتوانین بگەینە ئەنجامێک کە لەبەرژەوەندیی هەموولایەک دەبێت، لەبەرئەوە وردەکارییەکانی ئەو بابەتە بۆ شاندی دانوستانکاری خۆمان بەجێدەهێڵین، کە بچنە ناو وردەکارییەکان، بەڵام وەکو پرەنسیپ، ویستم ئەوەتان بۆ باس بکەم، کە ئێمە داکۆکی لەسەر ئەو رێککەوتنە دەکەین، کە لە بەینی حکومەتی هەولێر و بەغدا پێشتر ئەنجامدراوە و هیوادارین لایەنە سیاسییەکان پشتیوانمان بن بۆ ئەم بابەتە.

كێشه‌ی ده‌ستوورییه‌كان

هەروەک باسم کرد، کێشەکانی ئێمە تەنیا بودجە نییە، کێشەی سیاسی و دەستووریش زۆرن، کە هیوادارین ئەمە لەبەرچاوبگیرێت، چونکە ئەو خاڵانەی کە باسم کردن، ئاسانکاری دەکات بۆ رێککەوتنیکی سەرتاسەری لە نێوان هەولێر و بەغدا، کە بێگومان جێبەجیکردنی ماددەی 140 و کۆتاییهێنان بەو هەموو کێشە و گیروگرفتانەی لەو سنوورانەدا هێشتا بەردەوامن، ئێمە، پێمانوایە هەنگاویکی زۆر جددی دەبێت لە یەکترنزیککردنه‌وه‌ی لایەنەکان.

من دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو لایەنە کوردستانییانە بکەم کە پستیوان بوون بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و گومانیشم لەوەدا نییە ئەو بەڕێزانەی لە بەغدا پۆستیان هەیە، لە گەورەترین پۆستەوە بۆ ئەو پۆستانەی لە بەغدا ئێستا بەدەست ئەو بەڕێزانەوەیە، من دڵنیام ئەوانیش دەزانن، نرخ و سەنگی ئەوان لە کوردستانەوە دێت، کوردستان بە هەیبەت بێت و بە سەنگ بێت، سەنگی ئەوان زیاتر دەبێت، خوانەخواستە تێکچوونی ئەو قەوارەیە بەهیچ شێوەیەک واناکات ئەو نرخ و سەنگەی ئەوان هەیانە بۆیان بمێنێتەوە، هیوادارم بەردەوام بن لە پستیوانیکردنی قەوارەی هەرێم و مافە دەستوورییەکانی هەرێم لەم یاسایە و هەنگاوەکانی دیکەی داهاتووشدا.

کەشوهەوایەکی هەڵبژاردن لەپێشە

بەداخەوە دەزانین کە کەشوهەوایەکی هەڵبژاردن لەپێشە، ئەو کەشوهەوایە بەشێوەیەکی نەرێنی، کاریگەریی کردووەتە سەر گفتوگۆکان و دانوستانەکان، ئەمە جێی داخە، چونکە ئێمە چاوەڕێی ئەوە بووین، کە لایەنە سیاسییە عێراقییەکان زیاتر ململانێی یەکتر بکەن، کە کامیان زیاتر پشتیوانی هەرێمی کوردستان بێت بۆ ئەوەی دەنگێکی زیاتری هاووڵاتییانی عێراقی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بۆخۆی دەستەبەر بکات، بەداخەوە هەندێکجار دەبیستین کە هەندێک لایەن باسی ئەوە دەکەن کەشوهەوای هەڵبژاردنە لەبەرئەوە ئەو لایەنانە بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت دەنگی زیاتر بەدەست بهێنن،  ئەمە مەسجێکی مەترسیدار و ناڕاستە و نابێت بەهیچ شێوەیەک نابێت لەسەر ئەمە کار بکرێت، بەپێچەوانەوە ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێمانوایە مەسەلەی ئاشتەوایی گشتی و پێکەوەژیان و رێزگرتن لە دەستوور و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقیش، ئەمە دەبێت بنەمایەک بێت بۆ گەیشتن بەو دەستکەوتانەی دەمانەوێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەدەستبێت. داوا دەکەم لایەنە سیاسییەکان بیرێکی جددی لەوە بکەنەوە، کە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان و یان هەر بەشێکی دیکەی عێراقی، بەهێزبوونی هەموو عێراقە و نابێت  بە جیاوازی سەیری هەرێمی کوردستان بکرێت.





ئەم هەواڵە 382جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad