ZNA : هەولێر جێگری سەرۆکی لێژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: هەرێمی کوردستان جگە لەوەی دەبێت پشکی ھەبێت لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای سۆمۆ، دەبێت کۆمپانیاکەش لەدەست پێکهاتەیەک رزگار بکرێت.
گوڵیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لێژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی لە پەرلەمانی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: کۆمپانیای سۆمۆ یەکێکە لە کۆمپانیا نیشتیمانییەکان لە عێراق، بەڵام ئەو کۆمپانیایە لە لایەن عەرەبە شیعەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، جگە لە کورد، عەرەبە سوننەکانیش بەشدار نین لە ئیدارەدانی ئەو کۆمپانیایە.
ئاشکراشیکرد: کە دەبێت کورد بەشدار بێت لە کۆمپانیاکە و مافی ڤیتۆشی ھەبێت لەبەر ئەوەی ئەگەر بەشدار بوو، بەڵام دەسەڵاتی نەبوو، ھیچ سودی بۆ کورد نابێت، وەک پۆستەکانی دیکە.
گولیزار رەشید دیاریکرد: سەدا نەوەتی سەرچاوەی داھاتی عێراق نەوتە، ھەرێمی کوردستانیش لەبارەی رادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆدایە، پێوستە بزانین چۆن نەوتەکە دەفرۆشرێت و بە چەند دەفرۆشرێت و چۆن داھاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دەگەرێتەوە.
ئەم هەواڵە 265جار خوێندراوەتەوە |