ZNA - هەولێر
وەزیری تەندروستی عێراق هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا و دەشڵێت، لە كۆتایی مانگی شوباتدا ڤاكسین دەگاتە عێراق.
حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە كۆتایی ئەم مانگەدا ڤاكسین دەگاتە عێراق، بەڵام ناتوانرێت لە قۆناغی یەكەمدا ڤاكیسن بۆ 40 ملیۆن عێراقی دابین بكەین."
وەزیری تەندروستی عێراق گوتیشی: "یەكەم جار ڤاكسین بەو كەسانە دەدرێت كە پێویستیان پێیەتی، وەزارەتیش گرێبەستێك بۆ بەكارخستنەوەی نەخۆشخانەی فێركاریی نەجەف و نەخۆشخانەكانی دیكە لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكاندا دەکات."
ئەو ئاماژەی بەوەشكرد: "بۆ تاوتوێكردنی هۆكارەكانی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لەگەڵ پارێزگارانی سێ پارێزگا كۆبووەتەوە، بەتایبەتی کە لە ماوەی رابردوودا ژمارەی تووشبون لە پارێزگای نەجەف رووی لە هەڵكشان كردووە."
حەسەن تەمیمی روونیشی كردەوە: "پێویستە لەسەر هاووڵاتییان هۆشیار بن. هەروەها دەبێت گردبوونەوە و بۆنەكانیش قەدەغە بكرێن."
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی لە عێراق رایگەیاند، لە 18ی شوباتی 2021ـەوە رۆژانە لە کاتژمێر 8 ی ئێوارەوە تاوەکو 5 ی بەرەبەیان هاتووچۆ قەدەغە دەکرێت، خوێندنی قوتابخانەکان و کۆلێژەکانیش لە هەمان رۆژەوە دەبنە ئەلیکترۆنی.
ئەم هەواڵە 307جار خوێندراوەتەوە |