English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
رۆژ نووری شاوێس؛ زیاتر له نیو سەده خەبات و تێکۆشان
2021-02-15 [08:32 AM]

ZNA- هەولێر



دكتۆر ڕۆژ نوری سدیق عه‌لی (روژ نوري صدیق علي)، ناسراو به‌ دكتۆر ڕۆژ شاوه‌یس (7 كانونی یه‌كه‌می 1947 ـ ) : له‌دایكبووی سلێمانییه‌،‌ كوڕی ئه‌ندازیار نوری شاوه‌یس (1922 ـ 1983) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی دیموكراتی گه‌لی كوردستان و مامۆستا ناهیده‌ سه‌لام ئه‌حمه‌د (1922 ـ 2005) ناسراو به‌ ناهیده‌ شێخ سه‌لام ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان و برای بروسك نوری شاوه‌یس ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی گه‌لی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانه‌.
له‌ ڕێكه‌وتی 10 ئه‌یلولی 1959 وه‌ك مێوان و به‌ یاوه‌ری دایكی كه‌ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتی مامۆستایانی كورد (كۆنگره‌ی شه‌قڵاوه‌) به‌شداری ئه‌م كۆنگره‌ییه‌ی كردووه‌، ساڵی 1962 په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌‌، ساڵی 1966 له‌ كۆلێژی ئه‌ندازیاری زانكۆی موسڵ وه‌رگیراوه‌، ساڵی 1969 له‌ یانه‌ی تیپی تۆپی پێی سلێمانی یاری كردووه‌، ساڵی 1970 په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له‌ ئه‌وروپا‌ كردووه‌، ساڵی 1971 به‌كالۆریۆسی له‌ كۆلێژی ئه‌ندازیاری وه‌رگرتووه‌. پاشان ماسته‌ر و دكتۆرای له‌ ئه‌ندازیاری كاره‌با له‌ ئه‌ڵمانیا وه‌رگرتووه‌. ساڵی 1971 ئه‌ندامی لێژنه‌ی لقی شه‌شی ئه‌وروپای پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، له‌ ڕۆژانی 16 ـ 19 ئابی 1973 به‌شداری كۆنگره‌ی شازده‌یه‌می كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له‌ ئه‌وروپا (K.S.S.E) له‌ شاری به‌رلینی ڕۆژئاوای كردووه‌، له‌ ساڵی 1975دا سكرتێری خولی 17ی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له‌ ئه‌وروپا بووه‌ و تا ساڵی 1982 له‌م پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه‌‌، ساڵی 1979 ئه‌ندامی لێژنه‌ی سه‌رپه‌رشتكاری كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی 1979 له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان (كۆنگره‌ی نۆیه‌م)‌ هه‌ڵبژێردراوه‌‌، ساڵی 1979 بۆ جاری دووه‌م په‌یوه‌ندی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی 1980 به‌شداری له‌ شه‌ڕی حاجی ئۆمه‌ران له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر دژ به‌ هێزی سوپای عێراقی كردووه‌، له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلولی 1980 فه‌رمانده‌یی هێزێكی پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ره‌وو ده‌ڤه‌ری بادینان ده‌كات، ساڵی 1981 مامۆستای خولی پڕۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خولی حه‌وته‌می په‌یمانگای كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گوندی ڕاژانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه‌، ساڵی 1983 له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی 1984 به‌رپرسی لێژنه‌ی پشكنینی پارتی بۆ سنووری لێژنه‌ی لقی سێ و لێژنه‌ی لقی چوار پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 18 ته‌موزی 1985 به‌ به‌رپرسی به‌شی ڕێكخستن پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ 30 تشرینی دووه‌می ساڵی 1985 تا 3 نیسانی 1986 مامۆستای وانه‌ی پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێكخستن له‌ خولی هه‌شته‌می په‌یمانگای كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گوندی ڕاژانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه‌. له‌ ساڵی 1987 له‌ ستافی چوارده‌یه‌مدا به‌‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی یه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستنیشان كراوه‌،‌ له‌ ڕێكه‌وتی 13 ئه‌یلولی 1987 فه‌رمانده‌ی داستانی كانی ماسی له‌ سنووری پارێزگای دهۆك دژ به‌ هێزی سوپای عێراق بووه‌، ساڵی 1987 فه‌رمانده‌ی داستانی دێره‌لوك له‌ سنووری پارێزگای دهۆك دژ به‌ هێزی سوپای عێراق بووه‌، له‌ ڕێككه‌وتی 27 نیسانی 1987 پلانداڕێژه‌ری گرتنی فرۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی بامه‌ڕنێ له‌ سنووری پارێزگای دهۆك بووه‌، ساڵی 1988 یه‌كێك بووه‌ له‌ فه‌رمانده‌كانی داستانی خواكوڕك له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر دژ به‌ هێزی سوپای عێراق، ساڵی 1989 له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان (كۆنگره‌ی ده‌یه‌م) له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌ڵبژێردراو، ساڵی 1989 له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه‌‌، له‌ ڕۆژانی 20 ـ 22 حوزه‌یرانی 1989 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی شاندی به‌ره‌ی كوردستانی به‌شداری كۆنگره‌ی هه‌ژده‌یه‌می سۆسیالیستی نێوده‌وڵه‌تی له‌ شاری ستۆكهۆڵمی كرد، ساڵی 1991 به‌شداری له‌ ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستاندا كردووه‌، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 1992 به‌ نوێنه‌رایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی به‌ مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی لێژنه‌ی باڵای سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی كردووه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 7 نیسانی 1992 به‌ نوێنه‌رایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری  كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی پیرمامی به‌ره‌ی كوردستانی كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان كرد، له‌ ڕێكه‌وتی 4 حوزه‌یرانی 1992 له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (خولی یه‌كه‌م) هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 4 ته‌موزی 1992 كراوه‌ته‌‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان (كابینه‌ی یه‌كه‌م)، ساڵی 1992 به‌وه‌كاله‌ت وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ له‌ كابینه‌ی یه‌كه‌مدا‌، له‌ ڕێكه‌وتی 25 نیسانی 1993 جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان (كابینه‌ی دووه‌م) بووه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 20 ئابی 1992 له‌ شاری هه‌ولێر وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می حزبی یه‌كگرتنی كوردستانی كرد، ساڵی 1993 به‌ سه‌رۆكی لێژنه‌ی كڕیینی گه‌نم و جۆ له‌ جووتیارانی كوردستان ده‌ستنیشانكراوه‌، ساڵی 1993 وه‌ك خاوه‌نئیمتیازی ڕۆژنامه‌ی كوردستان نیوز موڵه‌تی فه‌رمی له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه‌، ساڵی 1993 له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو (كۆنگره‌ی یازده‌یه‌م) هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی 1993 له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه‌، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ 6 تشرینی یه‌كه‌می 1993 له‌ خاڵی سنووری باشماخ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (كابینه‌ی یه‌كه‌م) پێشوازی له‌ كه‌ژاوه‌ی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی (1903 ـ 1979) و ئیدریس بارزانی (1944 ـ 1987) كرد كه‌ له‌ كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و دوامه‌نزڵگه‌یان له‌ گوندی بارزانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ بوون، له‌ ڕێكه‌وتی 4 ئایاری 1994 له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا واژۆی له‌سه‌ر ئاگربه‌ست و ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی باشووری كوردستان كردووه، ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی 26 حوزه‌یرانی 1994 له‌ پیرمام به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی سۆشیال دیموكراتی جیهانی به‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆنی ڕیكسۆن كردووه‌، ساڵی 1994 مامۆستای پڕۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو له‌ خولی خێرای پێشكه‌وتووی په‌یمانگای كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو له‌ شاره‌دێی پیرمامی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر بووه‌، ساڵی 1994 هه‌وڵی ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی شاری هه‌ولێر و بنبڕكردنی شه‌ڕی ناوخۆی داوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 26 ئه‌یلولی 1996 به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان (كابینه‌ی سێیه‌م) هه‌ڵبژێردراوه‌، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی 25 تشرینی یه‌كه‌می 1994 له‌ شارۆچكه‌ی قه‌ڵاچۆلان سه‌ر به‌ پاڕیزگای سلێمانی ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی لێژنه‌ی ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئاڵوزی پارێزگاكانی سلێمانی ـ كه‌ركوكی كردووه‌، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی 9 تشرینی دووه‌می 1994 له‌ باره‌گای سكرتارییه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ شاری هه‌ولێر ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی بن بڕكردنی ئاڵوزییه‌كانی نێوانیان كردووه‌، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی 18 كانونی یه‌كه‌می 1994 له‌ قه‌ڵاچولان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ی ئاسایی كردنه‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی كردووه‌، ساڵی 1994 فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی فه‌له‌ك (فه‌رمانده‌یی له‌شكری كوردستان ) بووه‌، ساڵی 1997 به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی ئانكارا و پاریسی بۆ ئاشتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كردووه‌، ڕۆژی سێشه‌مه‌ی 6 ئایاری 1997 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی له‌ یاسوشی ئاكاشی یاریده‌ده‌ری كاروباری مرۆڤایه‌تی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌ و باسیان له‌ بڕیاری 986 كردووه‌، له‌ ڕۆژی دووشه‌مه‌ی 7 ته‌موزی 1997 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی خوێندنی باڵا به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی شازده‌یه‌می زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌ شاری هه‌ولێر كردووه، له‌ ڕێكه‌وتی 29 نیسانی 1998 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی پێنجه‌م (كۆنگره‌ی پێشكه‌وتن)ی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌، ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی 25 حوزه‌یرانی 1998 له‌ شاری هه‌ولێر وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ بینون سیڤان یاریده‌ده‌ری ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و شاندی یاوه‌ری كردووه‌ به‌ مه‌به‌‌ستی به‌دواداچوونی جێبه‌جێكردنی بڕیاری 986، له‌ ڕۆژی دووشه‌مه‌ 27 ته‌موزی 1998 به‌شداری له‌ كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی نۆیه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌ وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتاری پێشكه‌ش كردووه‌‌، له‌ ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ 15 تشرینی یه‌كه‌می 1998 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ باره‌گای پارتی سۆسیالیستی فڕه‌نسا له‌لایه‌ن فڕانسوا هۆلاند سكرتێری گشتی پارتی سۆسیالیستی فڕه‌نساوه‌ پێشوازی لێ كراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 12 تشرینی یه‌كه‌می 1998 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌لایه‌ن مادام دانیال میتران و دكتۆر كه‌نداڵ نه‌زان سه‌رۆكی ئینستیتوی كورد له‌ پاریس پێشوازی لێكرا، له‌ ڕێكه‌وتی 14ی تشرینی یه‌كه‌می 1998 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فره‌‌نسا له‌لایه‌ن كلاودجین كوسرن به‌رپرسی به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا پێشوازی لێ كراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی له‌ ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ 15 تشرینی یه‌كه‌می 1998 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ باره‌گای پارتی سۆسیالیستی فره‌نسا له‌لایه‌ن فرانسوا هۆلاندی سكرتێری گشتی پارتی سۆسیالیستی فڕه‌نساوه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 15 تشرینی یه‌كه‌می 1998 به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی باره‌گای سه‌ره‌كی حزبی شیوعی فڕه‌نسایان كرد و له‌لایه‌ن به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ گشتی پێشوازیان لێكراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 20 تشرینی یه‌كه‌می 1998 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ شاری برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا چاوی به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی به‌لجیكا و ئه‌ریك دیراید وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كه‌وتووه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی تشرینی یه‌كه‌می 1998 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌لایه‌ن خاتوو په‌روین جه‌میل سه‌رۆكی په‌یمانگای كورد له‌ به‌لجیكا پێشوازی كرا، له‌ ڕۆژانی 5 ـ 7 كانونی یه‌كه‌می 1998 به‌شداری كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی حزبی شیوعی ئسپانی له‌ شاری مه‌دریدی كردووه‌، ڕۆژی شه‌مه‌ی 5 كانونی یه‌كه‌می 1998 له‌ باڵاخانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانی كرد، له‌ كۆتایی ساڵی 1998دا وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی كوردستان به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی تایبه‌تی ئه‌كادیمیای سه‌ربازی زاخۆدا كردووه‌، له‌ ڕۆژانی 29 ـ 31 تشرینی یه‌كه‌می 1999 به‌ یاوه‌ری شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری كۆنگره‌ی نیویۆركی بۆ به‌رهه‌ڵستكارانی عێراقی دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیست كردووه‌، له‌ ڕۆژانی 8 ـ 11 تشرینی دووه‌می 1999 ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ وه‌ك میوانی كۆنگره‌ی بیست و یه‌كه‌می سۆسیالیسته‌ دیموكراته‌كان له‌ ئه‌وروپا كه‌ له‌ شاری پاریس ساز درابوو، ساڵی  1999 له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان (كۆنگره‌ی دوازده‌یه‌م) له‌ شاری هه‌ولێر هه‌ڵبژێردراوه‌‌، ساڵی 1999 له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستاندا به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه‌‌، له‌ ڕێكه‌وتی 24 تشرینی دووه‌می 1999دا وازهێنانی خۆی له‌ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌ستی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستانی كردووه و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ قه‌بوڵ كراوه‌‌، له‌ ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی 22 كانونی یه‌كه‌می 1999دا له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان (خولی یه‌كه‌م) هه‌ڵبژێردراوه، له‌ ڕێكه‌وتی 12 حوزه‌یرانی 2000 به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێك له‌ كۆنگرێسی شانشینی ئیسپانیا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ پێشوازی لێ كراوه‌، ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی 18 حوزه‌یرانی 2000 به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێك سه‌ردانی لێژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی بریتانیای كردووه‌ و پێشوازی لێ كراوه‌، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی 19 حوزه‌یرانی 2000 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی شانشینی هوڵه‌نداوه‌ پێشوازی لێ كراوه‌، ڕۆژانی شه‌مه‌ و یه‌كشه‌مه‌ی 12 ـ 13 ئابی 2000 له‌ سه‌رپه‌رشتیارانی كۆنفڕاسه‌ ناوخۆییه‌كانی لێژنه‌ی لقی شه‌شی ئه‌وروپای پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری فرانكفورت (كۆماری فیدڕاڵی ئه‌ڵمانیا) بووه‌، ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی 15 تشرینی یه‌كه‌می 2000 له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان پێشوازی له‌ سه‌ركرده‌ و ڕۆشنبیر جه‌رجیس فه‌تحوڵا (1920 ـ 2006) كردووه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 15 كانونی دووه‌می 2001 پێشوازی له‌ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی باسكی ئسپانیای كرد، ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی 11 كانونی دووه‌می 2001 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی له‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد كه‌ له‌ سه‌فه‌ر كۆماری توركیا گه‌ڕابووه‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕێكه‌وتی 21 نیسانی 2001 وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان له‌ هۆڵی میدیای شاری هه‌ولێر به‌شداری كۆنفڕانسی یه‌كه‌می خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستانی كرد، له‌ كۆتایی مانگی نیسانی 2001 وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ێكی ئاسایدا پێشوازی له‌ لورد نه‌زیر ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی لورده‌كانی بریتانیای كرد، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی 20 حوزه‌یرانی 2001 له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد (K.N.C) له‌ ئه‌مریكا كردووه‌، ڕۆژی هه‌ینی 22 حوزه‌یرانی 2001 وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی سۆسیالیستی نێوده‌وله‌تی (IS) كردووه‌، ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی 28 حوزه‌یرانی 2001 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی بیسته‌می زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین (هه‌ولێر) كردووه، له‌ ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی 1 تشرینی دووه‌می 2001 له‌ شاره‌دێ پیرمام و له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووه‌وه‌، له‌ ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ 29 تشرینی دووه‌می 2001 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌شداری له‌ ڕێوره‌سمی ده‌رچوونی خولی دوازده‌یه‌می په‌یمانگای كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌، ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی 25 كانونی دووه‌می 2001 وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان له‌ ته‌لاری په‌رله‌مانی فێنله‌ندا له‌لایه‌نی یوككا میككولا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی فێنله‌نداوه‌ پێشوازی لێ كراوه‌ و سه‌باره‌ت به‌ دۆزی كورد دواون، له‌ ڕێكه‌وتی 23 نیسانی 2001 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌شداری له‌ كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 10 حوزه‌یرانی 2001 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی حزبی شیوعی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی كه‌ریم ئه‌حمه‌د كردووه‌، ڕۆژی سێشه‌مه‌ی 19 حوزه‌یرانی 2001 وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی دووه‌م (خولی شه‌هیدانی كوردستان)ی كۆلێژی پۆلیس له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 28 ته‌موزی 2001 یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی بووه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی ده‌یه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ هۆڵی ڕۆشنبیری شاری هه‌ولێر‌، له‌ ڕۆژی شه‌مه‌ 27ی تشرینی یه‌كه‌می 2001 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان به‌شداری له‌ كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌، له‌ ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ تشرینی دووه‌می 2001 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌شداری له‌ ڕێوره‌سمی ده‌رچوونی خولی دوازده‌یه‌می په‌یمانگای كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 7 شوباتی 2002 له‌ شاری ئه‌دێنبره‌ی‌ پایته‌ختی هه‌رێمی سكۆتله‌ندا له‌لایه‌ن لۆرد ستیل سه‌رۆكی په‌رله‌مانی سكۆتله‌نداوه‌ پێشوازی لێ كراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 12 ئاداری 2002 وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان له‌ باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا پێشوازی لێكراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 13 ئاداری 2002 ئاماده‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی بریتانی دوستی كورد بوو، له‌ ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی 6 حوزه‌یرانی 2002 له‌ شاره‌دێ پیرمام به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی كرد و‌ كێشه‌ی كاره‌با و پرۆژه‌ی فیدراڵییان به‌ر باس دا، له‌ ڕۆژی پێنجشه‌مه 18 ته‌موزی 2002 وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی سێیه‌می كۆلێژی پۆلیس له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌، له‌ ڕۆژی دووشه‌مه‌ی 22 ته‌موزی 2002 له‌ هۆتێل سلێمانی پاڵاس له‌ شاری سلێمانی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی كرد، له‌ ڕۆژی دووشه‌مه‌ی 29 ته‌موزی 2002 به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ شارۆچكه‌ی دوكانی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی سه‌ردانی جه‌لال تاڵه‌بانی كرد، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی 31 ته‌موزی 2002 به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی كرد، ڕۆژی سێشه‌مه‌ی 6 ئابی 2002 له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی كرد، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی 28 ئابی 2002 له‌ په‌رله‌مانی شانشینی سوید له‌لایه‌ن خاتو ئیڤا زیتربیری جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی سویده‌وه‌ پێشوازی لێ كراوه‌، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی 30 تشرینی یه‌كه‌می 2002 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی باسكی ئسپانیا كردووه‌ و له‌ ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی 31 تشرینی یه‌كه‌می 2002 له‌ ته‌لاری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان پێشوازی لێ كردون، له‌ ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی 15 كانونی دووه‌می 2003 له‌ شاره‌دێ پیرمام به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی لێژنه‌ی باڵای ئاشتی له‌ نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی كردووه، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی 14 ئابی 2002 له‌ شاره‌دێ پیرمام به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی كرد‌، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی 20 كانونی دووه‌می 2003 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی له‌ سێناتۆری فڕه‌نسی ئیمری دی مۆنتیسكیۆ كردووه‌، له‌ شوباتی ساڵی 2003 به‌ یاوه‌ری دكتۆر ناسیح غه‌فور به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری كۆماری ڕوسیا سه‌ردانی مۆسكۆیان كردووه و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشوازییان لێ كراوه‌، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی 2 نیسانی 2003 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی دوكانی كردووه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی خۆئاماده‌كردن بۆ قۆناغی ئازادی عێراق‌، ساڵی 2003 جێگری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی بووه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتداری كاتیی عێراقدا، له‌ ڕۆژی سێشه‌مه‌ 24 حوزه‌یرانی 2003 به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی چواره‌می كۆلێژی پۆلیس كردووه‌ كه‌ به‌ خولی ئازادی ناسراو بووه‌، له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2003دا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ڕه‌وته‌نی عێراقه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی كۆنگره‌ی ده‌ستووری عێراق ده‌ستنیشان كراوه، له‌ ڕێكه‌وتی 28 تشرینی یه‌كه‌می 2003 به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌شداری له‌ كۆنگره‌ی سۆسیالیستی نێوده‌وڵه‌تیی له‌ شاری ساوپالۆ له‌ كۆماری به‌رازیل كردووه‌، له‌ ڕۆژی شه‌مه‌ 15 ئایاری 2004 نوێنه‌ری كۆنگره‌ی سه‌روه‌ری و دیموكراسی له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌ كه‌ 600 نوێنه‌ر تیایدا به‌شدارییان كردووه‌‌‌. ساڵی 2004 پاڵیوراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق، له‌ ڕێكه‌وتی 1 حوزه‌یرانی 2004دا جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆككۆماری غازی عه‌جیل یاوه‌ر بۆ قۆناغی ڕه‌وته‌نی بووه‌، ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی 15 ئابی 2004 به‌شداری كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراقی له‌ شاری به‌غدا كردووه‌ و تیایدا وتاری خوێندووه‌ته‌وه‌، له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی 30 كانونی دووه‌می 2005دا له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی ژماره‌ 130 به‌ نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ڕه‌وته‌نی عێراقی هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 7 نیسانی 2005 به‌ فه‌رمانێكی كۆماری وه‌ك جێگری سه‌رۆككۆمار خانه‌نشین كراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 28 نیسانی 2005دا‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدڕاڵ (كابینه‌ی دكتۆر ئیبراهیم جه‌عفه‌ری) بۆ قۆناغی گواستنه‌وه‌ بووه‌، ڕۆژی سێشه‌مه‌ی 3 ئایاری 2005 له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق سوێندی یاسایی خواردووه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 21 ئایاری 2006 وه‌ك جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق خانه‌نشین كراوه‌، ساڵی 2007 بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی‌، ساڵی 2009 به‌‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدڕاڵ هه‌ڵبژێردراوه‌‌، ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی 16 كانونی یه‌كه‌می 2010  له‌لایه‌ن 1500 نوێنه‌ری كۆنگره‌وه‌ به‌ 1128 ده‌نگ  له‌ ڕیزبه‌ندی 5‌ به‌‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان (كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌م) هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ڕێكه‌وتی 18 كانونی دووه‌می 2010 به‌ فه‌رمانێكی كۆماری به‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ كابینه‌ی نوری كامیل مالكیدا هه‌ڵبژێردراوه‌‌، له‌ ڕێكه‌وتی 30 كانونی یه‌كه‌می 2010 به‌ فه‌رمانێكی كۆماری له‌ كابینه‌ی نوری كامیل مالكیدا به‌ وه‌زیری بازرگانی به‌وه‌كاله‌ت ده‌ستنیشان كراوه‌‌، ساڵی 2011 له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیدا به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه‌‌، له‌ ڕێكه‌وتی 18 كانونی یه‌كه‌می 2010 له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخۆدانی له‌ شۆڕشی ئه‌یلول، شۆڕشی گوڵان، قۆناغی ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان و قۆناغی سه‌روه‌ری له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ مێدالیای بارزانی نه‌مری له‌ كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتیدا پێ به‌خشراوه‌. له‌ ڕێكه‌وتی 7 ئابی 2014 فه‌رمانده‌یی به‌ره‌ی خاز‌ری‌ له‌ سنووری پارێزگای موسڵ له‌ شه‌ڕی دژی داعش كردووه‌، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی 18ی شوباتی 2019 له‌ پیرمامی‌‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێری له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ واژۆی له‌سه‌ر ڕێكه‌وتننامه‌ی سیاسی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كردووه‌، له‌ ڕۆژی دووشه‌مه‌ی‌ 4 ئاداری 2019 ئاماده‌ی واژۆكردنی ڕێكه‌وتننامه‌ی سیاسی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، ئه‌ڵمانی، فارسی و ئینگلیزییه‌.





ئەم هەواڵە 280جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad