ZNA_ هەولێر بەڕێزان خێزان و بنەماڵەی كۆچكردوو دكتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس
بەڕێزان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتی سیاسی ناسراو د. ڕۆژ نوری شاوەیس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەمبار و نیگەرانی كردین، بۆ ئەم ماتەمە، پرسە و سەرەخۆشیتان ئاڕاستە دەكەم و بەشداری خەمی قووڵتانم.
د. ڕۆژ لە خێزانێكی دیار و كوردپەروەر بوو، خێزانەكەی دۆستایەتیەكی دێرینیان لەگەڵ ماڵی باپیرم هەبووە. بۆ خۆشم لە زۆر وێستگەدا كارم لەگەڵیان كردووە، ئەگەرچی لەسەرجەمیشیاندا هاوڕا نەبووبین، بەڵام زۆرجار لە ئەزموون و پێشنیار و دەستپێخەریەكانیان سودمەند بووم، بەتایبەت لە كایەی دانوستان و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیی عێراق و وڵاتانی دەرەوە.
د. ڕۆژ لە سەردەمی كاركردن بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، دواتر لە نووسینەوەی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا لەپاش 2003، جێگە پەنجەی دیار بوو، كەسێكی دەوڵەتمەدار و بەئەزموون بووە، لە پەرلەمان و لە كابینەكانی پێشووتری حكومەتی هەرێمیش كاری بەرچاوی كردووە. کۆچی دوایی خەسارەتێکی گەورەیە و جێگەی ئەسەفی ھەموومانە.
جێگای بەهەشتی بەرین بێت و خوا سەبوری هەموولایەك بدات.
إنا لله وإنا إليه راجعون
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
ئەم هەواڵە 325جار خوێندراوەتەوە |