English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەیامی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆچی دوایيی د. ڕۆژ نووری شاوەیس
2021-02-15 [12:41 PM]

ZNA_ هەولێر


هەواڵی كۆچی دوایيی پێشمەرگەی فەرماندە و سیاسەتكاری ناوداری كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسيی پارتی دیموكراتی كوردستان د. ڕۆژ نووری شاوەیس، زۆر خەمناك و دڵتەنگی كردین. بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و هەموو گەلی كوردستان دەكەم، هاوخەمی هەر هەمووتانم.

د. ڕۆژ وەك پێشمەرگە، فەرماندەیيی چەندین داستان و سەركەوتنی گەورەی پێشمەرگەی كردووه‌. پێشمەرگەیەكی ئازای ئەوتۆ بوو، هەموو هاوسەنگەرێكی، شایەتی بۆ ئازایەتی و پێشڕەوییەكەی ده‌ده‌ن. وەك سیاسەتكار كەسێكی پشوودرێژ و دانوستاندكارێكی زۆر سەركەوتوو بوو، هەمیشە بەبێ دەستهەڵگرتن لە مافەكانی گەلی كوردستان، ڕێگەیەكی سازان و ڕێككەوتنی دەدۆزیەوە. له‌به‌ر لێزانی و سەركەوتوویی لە كاردا، جێگەی ڕێزێكی تایبەتى جەماوەر و سەركردایەتيی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بوو.

وەك سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان لە كوردستان، ڕۆڵێكی بەرچاوی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و دەركردنی یاسای زۆر باش بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان هەبووە. لەسەر ئاستی عێراق وەك جێگری سەرۆك وەزیران ڕۆڵێكی بەرچاوی لە پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستاندا هەبوو. لە هەموو قۆناغ و پێگەكانیدا بە ڕاستی و بە كردەوە، نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینەی خۆی دەنواند.

كاتێك د. ڕۆژ بووە سەرۆكی كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شانازيی ئەوەم هەبوو وەك جێگری به‌ڕێزيان لە حكوومه‌ت كار بكەم و لە ئەزموون و شارەزاییەكەی فێر ببم، هەروەك چۆن خۆی و نەوەی زێڕینی سەركردایەتيی پارتی، دوای كۆچی دوایيی باوكم، زۆریان فێر كردم و زۆریش پشتیوانم بوون. د. ڕۆژ وەك یەكێك لەو نەوە زێڕینەی پارتی كه‌ جێگەی ڕێزێكی زۆر تایبەتن، له‌ ڕۆژگارى زۆر سه‌خت و ته‌نگانه‌دا هەر زوو ئاڵای خەباتیان بەرز كردەوە و بە دڵگەرمییەكی زیاترەوە درێژەیان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی نیشتمانيی كوردستان دا.

د. ڕۆژ نووری شاوەیس كە لەدایك وباوكییەوە ڕۆڵەی بنەماڵەیەكی ناودار و ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕی سلێمانی بوو. كەسێكی زۆر بە توانا بوو، هەموو توانا و گەنجييه‌تيی خۆی بەخشییە گەلەكەی. لەدەستدانی، زیانێكی زۆر گەورەیە بۆ هەموو گەلی كوردستان، بۆیەش پرسه‌كه‌ى، پرسەی هەموو گەلی كوردستانە. د. ڕۆژ بە تێكۆشانی سەخت و دڵسۆزانەی بۆ نەتەوەكەی و هەموو گەلی كوردستان، ناوی خۆی بۆ هەمیشەیی لە مێژووی كوردستاندا نەخشاند.

خوای مه‌زن گيانى شاد بكات و دڵنەوایی بە بنەماڵە و كەسوكار و هەڤاڵانى و هه‌موو گەلی كوردستان ببەخشێت.


نێچیرڤان بارزانی





ئەم هەواڵە 265جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad