ZNA – هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "زۆر تووڕەین لە هێرشی مووشەکی سەر هەرێمی کوردستانی عێراق."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بلینکن، لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە: "پەیوەندیم بە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، پاڵپشتیمان بۆ هەموو هەوڵێک دووپاتکردووەتەوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە ئەنجامبدەین و ئەوانەی دەستیشیان لە هێرشەکەدا هەیە سزایان بدەین".
بلینکن دەڵێت: "ئاماژە هەن بەڵێندەرێکی سڤیل لەو هێرشەدا کوژرابێت و چەند ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سەربازێکی ئەمریکی و چەند بەڵێندەرێکی ئەمریکی برینداربووبن".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری بەڵێندەرەکە دەربڕیوە، کە لەو هێرشەدا کوژراوە، هەروەها هاوخەمی خۆی بۆ خەڵکی عێراق و کەسوکاری ئەوانەش دەربڕیوە "کە بەدەست ئەو کردەوە تووندڕەوە دڕندانە ئازاریان چەشتووە."
شەوی رابردوو 2021/02/15 كاتژمێر 9:30 خولەک چەند مووشەکێک لە چەند شوێنێکی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتنەخوارەوە، یەکێک لە مووشەکەکانیش لە شەقامی 40 مەتریی شاری هەولێر کەوتووەتە خوارەوە.
ئەم هەواڵە 148جار خوێندراوەتەوە |