ZNA - ههولێر
له بهیاننامهیهكدا سهبارهت به هێرشه مووشهكییهكهی شهوی رابردووی سهر شاری ههولێر، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەحموود محەمەد وێڕای ئیدانهكردنی ئهو پهلاماره ههروهها داوای له حكومهتی عێراق و هاوپهیمانی نێودهوڵهتی و به تایبهت ئهمهریكا كرد، ههرچی زووه لێكۆڵینهوه لهو هێرشه بكهن و لایهنی هێرشبهر به سزای یاسایی خۆی بگهیهنن.
دەقی راگەیاندراوەكەی گوتەبێژی پارتی:
گروپێكی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شهعبی و بە ئیمكانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە، کاتژمێر 9:30 خولەکی شەوی رابردوو، رێكەوتی 15 لەسەر 16ـی شوباتی 2021، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی پایتەختی هەرێمی كوردستان، ترسنۆكانە چەند موشەكێكیان ئاراستەی ناوشاری هەولێر كرد، كە بووە هۆی زیانی مرۆیی و ماددی و، نیگەرانکردنی دانیشتوانی سڤیلی هەولێری هۆلاكۆ بەزێن.
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وێرای ئیدانەکردنی ئەو كردەوە تیرۆرستییە قێزەونە، داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دەكەین، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەم كردەوە دوژمنكارانە، بەپەلە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت. بەداخەوە ئەم كردەوانە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنەوە و لە ئاكامی بەسزا نەگەیاندنیان، تاقمە تێکدەرەکان جورئەتی ئەوە پەیدا دەكەن لەسەر كارە تیرۆریستیەكانیان بەردەوام بن.
شاراوەنیە و بەڕوونی دەزانین کە عەقلیەتی ئەم جۆرە تاقمە فاشیست و دوور لە هزری سەردەمیانە، چاویان بە پێشكەوتن و ئارامی و خۆش ژیانی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان هەڵنایە و، پێیان قبووڵ ناكرێ پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە كوردستان هەبێت و بەدەست لەپشت دراوی وەكو ئەڵقە لە گوێ ئەوەی پێیان دەگوترێ جێبەجێی دەكەن!..
هەموولایەك ئاگاداردەكەینەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ئاكامی باشی نابێت و عێراق چەندە ناسەقامگیر و لە هەموو بوارەكاندا توشی ئاڵۆزی و تەنگەژە بووە، ئەم كردەوە تیرۆریستیانە زیاتر لە ناسەقامگیری و نائارامی دا نوقمی دەكەن.
سەرەڕای پشتیوانی تەواومان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی دام و دەزگا بەرگری و ئەمنییەكان، رایدەگەیەنین کە تەواوی سەركردایەتی و كادیر و ئەندامانمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پایتەختی هەرێم، وەك چۆن لە رابردوو شورەی پۆڵایین بووین، لەمەودواش لەسەر هەمان رێباز و باوەڕ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و حكومەت و دانیشتوانەكەی دەكەین.
مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
16ی شوباتی 2021
ئەم هەواڵە 235جار خوێندراوەتەوە |