English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وتاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یادی شەھیدبوونی ئایەتوڵڵای عوزما محەمەد باقر ئەلحکیم
2021-02-21 [02:09 AM]

ZNA - ھەولێر



مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە مەراسیمی یادی شەھیدبوونی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر ئەلحەکیم وتارێکی ئاراستەکرد و تێیدا رایگەیاند، ئەم یادە ماتەمینیەی شەھیدانی عێراق، پێویستە ھاندەرێکی زیاترمان بێت، لە پێناو ڕێزگرتن لە ھەموو ئەو بەھا پیرۆزانەی کە ئەم شەھیدانە، قوربانیان لە پێناویدا و شەھیدبوون، کە ڕووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری و کۆتاییھاتنی نەھامەتییەکانی گەلانی عێراق و سەقامگیرکردنی سیستەمێکی دیموکراتی و فیدراڵییە لە عێراق.

وتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یادی شەھیدبوونی ئایەتوڵڵای عوزما محەمەد باقر ئەلحەکیم لە لایەن وەزیری کاروباری شەھیدان ئەنفالکراوان عەبدوڵڵای حاجی مەحموود خوێندرایەوە.

دەقی وتارەکە

بەناوی خوای گەورە و میھرەبان

بەڕێز سەید عمار الحکیم ، ڕێبەری ڕەوتی حیکمە :

میوانان و ئامادەبووانی بەڕێز:

خۆشحاڵم کە بەناوی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، ڕێزدار مەسرور بارزانی لەم کۆڕی ماتەمینییەدا بەشدارم کە بۆ وەبیرھێنانەوە و ڕێزگرتنە لە شەھیدی میحراب ئایەتوڵڵای عوزما محەمەد باقر الحکیم کە یەکێک بوو لە پیاوە مەزنەکانی عێراق و نموونەی خەباتکارێکی ئازابوو لە دژی زۆرداریی و ھەموو ژیانی خۆی ، لە پێناو کۆتایی ھاتنی زوڵم و ستەم و دیکتاتۆریەت لە عێراق تەرخان کرد و شەھید بوو.

بۆیە ئەمڕۆ بە شکۆوە، یادی ئەم مرۆڤە مەزنە دەکەینەوە کە لەدەستدانی، زیانێکی گەورە بوو بۆ گەلانی عێراق .

ئامادەبووانی بەڕێز :

ئەمڕۆ ئەم یادە ماتەمینیەی شەھیدانی عێراق ، پێویستە ھاندەرێکی زیاترمان بێت، لە پێناو ڕێزگرتن لە ھەموو ئەو بەھا پیرۆزانەی کە ئەم شەھیدانە، قوربانیان لە پێناویدا و شەھیدبوون ، کە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری و کۆتاییھاتنی نەھامەتییەکانی گەلانی عێراق و سەقامگیرکردنی سیستەمێکی دیموکراتی و فیدرالییە لە عێراق.

بەداخەوە ئەمڕۆ عێراق، بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت و پێویستە پێداچوونەوەیەکی جیددی بە سیستەمی سیاسیی و حوکمڕانی لە عێراقدا بکرێت و ڕێز لە خواست و ماف و داوا ڕەواکانی پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق و لە نێویشیاندا گەلی کوردستان بگیرێت، لە سەر بنەمای لە بەرچاوگرتنی پرنسیپەکانی ھاوسەنگی و شەراکەت و سازان .

خەڵکی کوردستان سەدان ھەزار شەھیدی لە پێناو نەھێشتنی دیکتاتۆری و ھاتنەئارای عێراقێکی دیموکرات و فیدراڵدا داوە و، ناکرێ ئەو ھەموو قوربانیدانەی خەڵکی کوردستان لە بیر بکەین.

بۆیە پێویستە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لە سەر بنەمای دەستوور کە زۆرینەی عێراقییەکان دەنگی لە سەر داوە ، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن و ڕێز لە قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بگیرێت.

بێگومان چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لە بەرژەوەندی ھەموو ھاووڵاتییانی عێراقدایە و ھێز و لایەنە عێراقییەکان، پێویستە بە چاوێکی دۆستانە لە ھەرێمی کوردستان بڕوانن و بەھێزبوونی پێگەی سیاسی و ئابووری ھەرێمی کوردستان، بە بەھێزبوونی پێگەی عێراق بزانن ، چونکە ھەرێمی کوردستان وەک چۆن لە سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆری پەناگەیەکی ئارام بوو بۆ ھێز و لایەنە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی عێراق ، ئێستاش بە ھەمان شێوە ، باوەشی گەرمی بۆ سەدان ھەزار ئاوارەی پارێزگاکانی عێراق کردووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتکردنیان، تا ئەوکاتەی بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان.

ئامادەبووانی بەڕێز :

ھەرێمی کوردستان ھەمیشە فاکتەرێکی سەقامگیریی بووە لە عێراقدا. بۆیە پێویستە لایەنە عێراقییەکان، ھەڵوێستێکی دۆستانەیان بەرامبەر ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ھەبێت. چونکە بەھێزبوونی ھەرێمی کوردستان بەھێزبوونی ھەموو عێراقە.

ئێمە ھەمیشە ئامادەیی خۆمان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەربڕیوە کە تەنیا پەیوەست نین بە مووچە و بودجە و کێشەی داراییەوە، بەڵکو پێویستە ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی تریش ، وەک جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ی دەستوور و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و نەوت و گاز و پێشمەرگە و کێشەکانی تر، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکەین.

لە کۆتاییدا سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدی میحراب و سەرجەم شەھیدانی عێراق و کوردستان .





ئەم هەواڵە 229جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad