ZNA – هەولێر
هادی عامری و موقتەدا سەدر، لەسەر بۆردوومانە مووشەکییەکەی ئەمشەوی ناوچەی سەوزی بەغدا هاتنە دەنگ و داوایان لە حکومەت کرد بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت.
لە راگەیێندراوێکدا، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، بە تووندی بۆردوومانکردنی نێردە دیپلۆماسییەکان و توقاندنی مەدەنی سەرکۆنە دەکەین، "کارێکی بێ پاساوە لەژێر هەر ناو و پاساوێک بێت، لەسەر دەزگا ئەمنییەکان پێویستە ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان".
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح جەختی لەوەکردووەتەوە، پێویستە حکومەت بە بەرپرسیاریەتی خۆی هەڵبستێت و پارێزگاری لە شکۆی دەزگا ئەمنییەکان بکات بۆ ئەوەی ئەرکی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن.
هەروەها موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا رایگەیاندووە، بەکارهێنانی چەک، بۆردوومان و بە ئامانجکردنی بارەگا دیپلۆماسییەکان لە عێراق زیاد و گەورەتر دەبێت، ئەمەش هەڕەشەی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی سڤیلی عێراقی و شکۆی دەوڵەت زیاتر و زیاتر کردووە، دەشپرسێت، کێ بەرپرچیان دەداتەوە، یاخود کێ خۆیان و کردەوەکانیان ئاشکرادەکات. "لەسەر حکومەتیش پێویستە دەستەوەستان نەبێت".
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە دووەمین راگەیێندراوی لەبارەی هێرشە مووشەکەی ئێوارەی دوێنێ سەر ناوچەی سەوز راگەیاند، لە میانەی وردبینیکردنیان دەرکەوتووە، سێ مووشەک کەوتوونەتەخوارەوە، دوو مووشەکیان لە ناوچەی سەوز و سێیەمینیان لە ناوچەی حارسییە کەوتوونەتەوە. مووشەکەکان لە گەڕەکی سەلام (تۆپچی)ـەوە ئاراستەکراون و بەهۆیەوە زیان بە چوار ئۆتۆمبێلی سڤیل کەوتووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، سەکۆی ئەو مووشەکانەش لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا دۆزراونەتەوە.
ئەم هەواڵە 88جار خوێندراوەتەوە |