ZNA - ههولێر
ئهمڕۆ سێشەممە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و وەزیرانی دارایی و ئابووری و پلاندانان بە ڤیدیۆ کۆنفرانس لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە کۆبوونەوە و چەند بڕیارێکیان لەبارەیانەوە دا، وتیشی، داواکارییە کارگێڕی، دارایی، خزمەتگوزارییەکان و پرۆژەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕینی پەسندکرد.
دەقی راگەیێندراوەکە:
ئەمڕۆ، بەسەرپەرشتیی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبونی بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێزان وەزیرانی دارایی و ئابوریی و پلاندانان و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە تایبەت بە بوارە کارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و پڕۆژەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا بە ڕونیی و بە وردیی و دلسۆزانەو بەرپرسانە ڕاپۆرتی هاوبەشی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاو یەکەکارگێڕییەکان و داواکارییە کارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و سەرمایەگوزاریی و پەرەپێدانەکانی هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگاکان؛ گفتوگۆیان لەسەر کرا، بە سوپاسەوە هەموو ئەو پێشنیازو داواکارییانەی لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکاندا گەڵاڵەکرابوون؛ لەلایەن بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە بەڕێزەکانەوە؛ پەسەندکران و بوون بەبڕیار.
ئەو سێکتەرو بوارانەی لەم ڕاپۆرتانەدا بۆ ساڵی ۲٠۲۱ پەسەندکراون دەتوانن بەشی زۆری داخوازیی و پێداویستییە زۆر پێویستەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان دابین بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بکەن.
ئەم هەواڵە 172جار خوێندراوەتەوە |