ZNA- هەولێر
بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەسەر رەوشى خوێندن لەپەروەردەکان و ئەو ڕووداو و پێشهاتانەى هاتوونەتە پێش، رۆژی یەکشەمە 2021/2/28، لیژنەی پەروەدە کۆبووەوە.
حەسیبە گەردی، ئەندامی پەرلەمنی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: لەکۆبوونەوەکەدا كه (د.کارزان کهریم )راوێژکارى بەڕێز سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ كاروبارى پەروەردە و خوێندنی باڵا ئامادهی بوو، سهرۆكی لیژنهی پهروهردهو خوێندنی باڵاو توێژینهوهى زانستی بەشداریکردنی بهڕێزیانی لهكۆبوونهوهكهدا بەگرنگ و پێویست زانی بۆ هەماهەنگیى زیاترى نێوان ههردوولا و ئاماژهی بهلێدوانى ئهو مامۆستایە کرد کەباسى لەبابەتى گزیکردن کردبوو لەمیدیایەکى کوردستانیدا، بۆیە دواى گفتوگۆى ورد لەسەر بابەتەکە، لیژنهى پهروهردهو خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا نوسراوى فهرمی ئاراستەى هەرسێ وەزارەتى (پەروەردە، خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، رۆشنبیرى و لاوان) بکات لهسهر ئهو پرسه.
حەسیبە گەردی گووتی: لەخاڵى دووەمى بەرنامەى کار رەوشى خوێندن لەپەروەردەکان و رێکارەکانى خۆپارێزى لەناوەندەکانى خوێندن بۆ پاراستنى قوتابیان و خوێندکاران، مامۆستایان و فەرمانبەران تاووتوێ كرا،سەردانى مەیدانیى لیژنە لاوەکییەکان و ئەندامانى لیژنە بۆ ناوەندەکانى خوێندن و بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردەکان خوێندرانەوەو گفتوگۆى وردیان لەسەرکرا.
هەروەها حەسیبە گەردی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی بۆ،ئاژاسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو گووتی: باس لەپێشنیارى لیژنهى پهروهرده و خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ وەرگرتنى سەمپەڵ لە قوتابى و خوێندکاران کرا کە دواى ئەوەى لیژنە داواى لە وەزارەتى تەندروستى کردبوو، دوێنێ پێشنیارەکە جێبەجێکرا، هەر لە کۆبوونەوەکە لیژنەیهك پێکهێنرا بۆ سهردانیكردنی وەزارەتى دارایى و ئابوورى تایبەت بەچەند مامۆستایەک کە لەسیستەمى بایۆمەترى دووجار ناویان تۆمارکراوە، لیژنەیەکى تریش بۆ سەردانیكردنی سەرجەم زانکۆ تایبەتەکان بۆ وەرگرتنى سەرنج و پێشنیاز سهبارهت بهپڕۆژەیاساى زانکۆ تایبەتەکان پێكهێنرا.
لەکۆتایى کۆبوونەوەکەشدا سەرجەم ئەو نوسراو و یاداشتانەى ئاراستەى لیژنەكه کرابوون، رێککارى پەیڕەوى بەرامبەریان وەرگیرا.
D.H
ئەم هەواڵە 457جار خوێندراوەتەوە |