ZNA - ههولێر
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەو تووشبووانەی كۆرۆنا پێك ھێناوە، كە بۆ چارەسەر چوونەتە نەخۆشخانە ئەھلییەكان و پارەی زیادیان لێ وەرگیراوە، بۆ ئەوەی پارەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.
د. ئاسۆ حەوێزی، لە ڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاند، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە وەزارەتی تەندروستی پێك هێنرا، بۆ پێداچوونەوە بەو بڕە پارەیەی لەلایەن نەخۆشخانە ئەهلییەكانەوە لە نەخۆشانی كۆرۆنا وەرگیراوە، بە جۆرێك پارەی زیاتریان لێ وەرگیراوە لەو بڕەی وەزارەتی تەندروستی دیاری كردبوو.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتیشی، دوای تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی بە دوو قۆناغ بڕیاری دا نەخۆشخانە ئەهلییەكان بۆ تووشبووانی كۆرۆنا داشكاندن بكەن، سەرەتا داشكان بە ڕێژەی 25% و، دواتر بەڕێژەی 50%، هەندێك نەخۆشخانە پێچەوانەی بڕیارەكان پارەی زیاتریان لە نەخۆش وەرگرتووە، بۆیە لیژنەكە سەردانی هەموو نەخۆشخانەكان دەكات.
حەوێزی ئەوەشی ئاشكرا كرد، تەنها لە یەك نەخۆشخانەی ئەهلی، دەركەوتووە پارەی زیادە لە 33 نەخۆش وەرگیراوە كە دەكاتە بڕی زیاتر لە 116 سەدوشازدە هەزار دۆلار بەرامبەر بە 169 سەد و شەست و نۆ ملیۆن دینار، لەمڕۆوە بۆ هاووڵاتیان دەگەڕێندرێتەوە.
باسی لهوهش كرد، لیژنەكە بەردەوامە لە پێداچوونەوەی هەموو نەخۆشخانەكان و بەدواداچوون بۆ ئەو سكاڵایانە دەكەن كە لەسەر ئەو نەخۆشخانانە هەیە، هەر نەخۆشخانەیەك سەرپێچیی كردبێت، پارەی زیادەی وەرگرتبێت، بۆ نەخۆش و خاوەن مافەكان دەگەڕێندرێتەوە.
ئەم هەواڵە 253جار خوێندراوەتەوە |