ZNA - ههولێر
پارێزگاری ھەولێر، ئەمڕۆ سەردانی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی شاری ھەولێری كرد و، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژهی بهوهدا، دەمانەوێ لاپەڕەیەكی تازە لە كاری خزمەتگوزاری و حوكمڕانی لە شاری ھەولێر دەست پێبكەین، كاری ئێمەش حزبایەتی نییە، دەمانەوێ لایەنە سیاسییەكان ھاوكارمان بن، وتیشی، بەبێ جیاوازی خزمەتی خەڵكی سنووری پارێزگای ھەولێر دەكەین".
لە دوای سەردانی مەڵبەندی سێی یەكێتی لە ھەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر رایگەیاند، لە سەردانی ئەمڕۆماندا بۆ مەڵبەندی یەكێتی، باس لە كارنامەی ئایندەی خۆمان و كار و خزمەتكردن بە سنووری پارێزگای ھەولێر كرا، ئێمە دەمانەوێ دڵنیایی بدەینە لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بتوانین بە ھەموومان خزمەتی ھاووڵاتیان بكەین.
پارێزگاری ھەولێر وتیشی، دەمانەوێ لاپەڕەیەكی تازە لە كاری خزمەتگوزاری و حوكمڕانی لە شاری ھەولێر دەست پێبكەین، كاری ئێمەش حزبایەتی نییە، دەمانەوێ لایەنە سیاسییەكان ھاوكارمان بن، بە تایبەتی ئەو ھێزانەی بەشدارن لە حكوومەتدا و ھەموومان پشتیوانی لە كارنامەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەین كە رێككەوتنی لەسەر ئەنجام دراوە.
ئاماژهی بهوه كرد، ئەو قسانەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا كراون، لە پێناو خزمەتكردنی ھاووڵاتیانی ھەولێر لە رۆژانی داھاتوودا بە كردار دەیبینین.
لەبارەی سكاڵای مەحموود سەنگاوی لەسەر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر ئهوهی خستهروو، پێشتر مەحموود سەنگاوی سكاڵای لەسەر من ھەبووە و ئەگەر رێكاری یاسایی بگیرێتە بەر، ئەوا من ئامادەی بەردەم دادگا دەبم و كەسمان لە سەرەوەی یاسا نین.
ئەم هەواڵە 250جار خوێندراوەتەوە |