English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆتاییھاتنی سەردانی پاپاوە
2021-03-08 [04:02 AM]

ZNA- ھەولێر


بە ڕێز و پێزانینێکی گەورەوە لە سەردانەکەی قەداسەتی پاپا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانین کە وێڕای نالەباریی دۆخەکە، سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی سەردانەکەی. پڕ بە دڵ سوپاسیان دەکەم. ستایشی قەداسەتیان بۆ کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە کوردستان مایەی سەربەرزی و شانازیمانە.

زۆر سوپاسی ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی کوردستان دەکەم کە بە د‌ڵگەرمییەکی زۆرەوە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی پێشوازی و میوانداریکردنی قەداسەتی پاپادا کرد، بەتایبەتی بەڕێزان مامۆستایان و کەسایەتیی ئایینیی موسڵمان و ھەموو ئایین و ئایینزاکانی دیکەی کوردستان و عێراق. ئەوان وێنەیەکی جوانی شارستانیی ڕەسەن و ڕاستەقینەی پێکھاتەکانی گەلی کوردستان و کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان و برایەتییان نیشانی ھەموو جیھان دا. ‌

بۆ تیماری زامەکانی جەنگ و توندتیژی لە عێراق، ھەروەک لە قوداسی ھەولێردا قەداسەتی پاپا گوتیان چارەسەر “تەنھا لێبوردەیی و بەخشندەیی و میھربانییە کە ھەر ئەوەش خواستی خوایە لە مرۆڤەکانی. ڕاسپاردەی یەزدان بۆ ئێمە بوونی دڵیکی بێگەردە، بێگەرد لە کینە، بێگەرد لە دووبەرەکی و ھەڵخەڵەتاندن و ئارەزووی تۆڵەکردنەوە”، بە پێچەوانەوە تونڕۆیی و تۆڵەکاری وەک قەداسەتیان فەرموویان “لە گێژاوێکی بێکۆتاییدا نغرۆمان دەکات”.

ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە پەیامی قەداسەتیان بۆ ئاشتی، لێبوردەیی، پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن، سڕینەوەی ڕقوکینە، توندڕەوی، تیرۆر و تۆڵەسەندنەوە دەکەین. ئەو چەمک و بەھایانە بنەمای سەرەکیی کۆمەڵگەی کوردستانن و وەک ھەمیشە پارێزگارییان لێدەکەین. ھیوادارم لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش بە گیانی ئەو پەیام و بەھایانە کێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەین.

سوپاسی ھەماھەنگیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەموو ئەو لایەنە پەیوەندارانە دەکەم کە وایانکرد ئەو سەردانە مێژوویییە لە ئاستێکی بەرزدا لەڕووی پرۆتۆکۆلی و ڕێکخستن و ئاسایشەوە، شایستە و بە ڕێکوپێکی بەڕێوە بچێت.‌

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

٨/٣/٢٠٢١





ئەم هەواڵە 376جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad